رووداو - تەندروستی
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایدەگەیێنێت، لە رۆژانی جەژنی قورباندا 40 ئاژەڵی بچووک و 7 ئاژەڵی گەورە لە سەربڕخانەکانی هەرێمی کوردستان کە 33 سەربڕخانەن، رەتکراونەتەوە؛ لەکاتێکدا حەوت هەزار و 748 ئاژەڵی بچووک و دوو هەزار و 810 ئاژەڵی گەورە سەربڕدراون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3-6-2026 وەزارەتی كشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئامارەکانی سەربڕخانەکانی خستەڕوو و دەریدەخات، سی باوترین ئەندامی ئاژەڵان بووە کە رەتکراوەتەوە، بەجۆرێک 366 سی رەتکراونەتەوە و 290 جگەریش بەهەمان شێوە دوای سەربڕینی ئاژەڵ، رەتکراونەتەوە.
د. فەرەیدوون حەمەد، ئەندامی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی تای خوێنبەربوون لە هەولێر دەڵێت: هەشت تۆن گۆشت رەتکراوەتەوە و ئەمەش بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمتر بووەتەوە، چونکە ساڵی 2025 زیاتر لە 33 تۆن گۆشتی رەتکراوە هەبووە.
لەبارەی تای خوێنبەربوونیش گوتی، ساڵ بە ساڵ ژمارەی تووشبووانی تای خوێنبەربوون زیاتر دەبێت و رێکارەکانیش تووندتر دەبن، بەتایبەت هەڵمەتی رشاندن و شووشتنەوەی ئاژەڵ کە لە ساڵی 2023ـەوە بەردەوامە.
ساڵی رابردوو 30 هەزار خاوەن ئاژەڵ سوودمەند بوون لە کردەکانی رێگریکردن لە تای خوێنبەربوون و 61 هەزار و 500 هۆڵی بەخێوکردنی ئاژەڵ پاکژ کراونەتەوە، پێنج ملیۆن و 500 هەزار اژەڵ شووشتراونەتەوە و 880 هەزاریش دەرمان و چارەسەرییان پێدراوە.
.png&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)