رووداو - تەندروستی
لێکۆڵینەوەیەکی شیکاری لەلایەن زانکۆی گشتیی کانسینگتۆنی ئوسترالیا ئاشكرای دەکات، ڤەیپ جێگرەوەی سەلامەتی جگەرەی ئاسایی نییە و هەر دووکەڵکێشانێک مەترسیی چەندین نەخۆشی و شێرپەنجە زیاد دەکات.
لێکۆڵینەوەکە لە گۆڤاری Carcinogenesis بڵاو کراوەتەوە و بە سەرپەرشتیی پڕۆفیسۆر بێرنارد ستیوارت و توێژەرانی زانکۆکانی (کوینسلاند، فلیندەر، سیدنی، رۆیاڵ، شاهانەی بەریتانیا، شازادە چارلس و سووشین کۆست) کراوە؛ هەمووان ئەوەیان دووپارکردووەتەوە کە ''ڤەیپ یاخود جگەرەی ئەلیکترۆنی ئەگەری تووشبوون بە چەندین جۆری نەخۆشی و شێرپەنجە زیاد دەکات و مەترسییەکەیان هیچی کەمتر نییە لە جگەرەی ئاسایی''.
شیکارییەکە پشتی بە توێژینەوە کلینیکییەکان، تاقیکردنەوە لەسەر ئاژەڵان و توێژینەوەی تاقیگەیی بەستووە کە لێکۆڵینەوە لەو مادە کیمیاییانە دەکەن کە لە جگەرە ئەلیکترۆنییەکانەوە بەرهەم دێن؛ هەڵمژراوی جگەرەی ئەلیکترۆنی دەتوانێت زیان بە DNA بگەیێنێت و ببێتە هۆی هەوکردنی درێژخایەن، ئەمەش رۆڵی لە دروستبوونی شێرپەنجە هەیە، پاشانیش بەهۆی گەرمکردنی مادەکانی نێوی دەشێت مادەکانی فۆرماڵدیهاید، ئەسێتاڵدیهاید و کانزا قورسەکان وەک نیکڵ، کرۆم و قوڕقوشم دروستببن و ببنە هۆی شێرپەنجەکانی (سییەکان، دەم، قوڕگ و میزڵدان).
پڕۆفیسۆر بێرنارد ستیوارت دەڵێت: جگەرە ئەلیکترۆنییەکان ئەو گیراوە شلانە گەرم دەکەن کە زۆرجار نیکۆتین، مادەی کیمیایی تامبەخش و توێنەرەوەی وەک پرۆپیلین گلایکۆڵ و گلیسیرینی رووەکییان تێدایە. کاتێک ئەم مادانە گەرم دەکرێن، دەکرێت شیببنەوە بۆ ئەو پێکهاتانەی کە زیان بە خانە و DNA دەگەیێنن.
د. لیانا وێن، پسپۆڕی پزیشکیی فریاکەوتن و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی جۆرج واشنتن دەڵێت: بەڵگە زانستییەکان هیچیان پشتگیری ئەوە ناکەن کە ڤەیپ سەلامەتتر بێت لە جگەرەی ئاسایی، چونکە هەریەکەیان کۆمەڵێک زیان لەخۆدەگرن و
لەبارەی ئەوەی کە ئایا دەکرێت بۆ وازهێنان لە جگەرەی ئاسایی، پەنا ببرێتە بەر ڤەیپکێشان؟ دەزگای خۆراک و دەرمان FDA لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، ئەوە پەسند نییە و هەردووکیان مەترسیدارن.
دەزگاکە بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان ئەمانە پێشنیاز دەکات
- بەکارهێنانی بنێشتی نیکۆتین
- هەڵمژەر و سپڕەی لووتی نیکۆتینی
- لەزگەی نیکۆتین
- بەکارهێنانی دەرمانەکانی ڤارینیکلین و بوپرۆپیۆن (بە راوێژی پزیشک)
- بینینی راوێژکارێکی دەروونی
چی روودەدات دوای وازهێنان لە جگەرە و نێرگەلە؟
دوای 20 خولک
* لێدانی دڵ رێک دەبێتەوە
دوای 8 کاژێر
* ئاستی ئۆکسجین ئاسایی دەبێتەوە
دوای 48 کاژێر
* سییەکان پاک دەبنەوە
* بۆنکردن و تامکردن ئاسایی دەبنەوە
دوای 72 کاژێر
* هەناسەدان ئاسوودەتر دەبێت
دوای 2 بۆ 14 هەفتە
* سووڕی خوێن ئاسایی دەبێتەوە
* جووڵە و چالاکیی جەستەیی باشتر دەبن
دوای 3 بۆ 9 مانگ
* کۆکە و هەناسەتەنگی نامێنن
* 10٪ چالاکیی سییەکان زیاد دەکات
دوای یەک ساڵ
* ئەگەری تووشبوون بە جەڵتە کەم دەبێتەوە
