رووداو-تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی گورچیلە و میزەڕۆ لە نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە کەلار، نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتوو بۆ منداڵێکی تەمەن 12 ساڵان ئەنجام دەدات کە تووشی سوڕانی هێلکەگون ببوو.
د. دیدار کامران پسپۆڕی نەخۆشییەکانی گورچیلە و میزەڕۆ رایگەیاند، "دوای ئەوەی منداڵێکی تەمەن 12 ساڵان بەهۆی تێکچوونی لەناکاوی باری تەندروستییەوە گەیەندرایە نەخۆشخانەکەمان، دوای پشکنینە پزیشکییەکان دەرکەوت کە تووشی سوڕانی هێلکەگون بووە."
بە گوتەی د. دیدار کامران ئەم حاڵەتە یەکێکە لە فریاکەوتنە پزیشکییە کتوپڕەکان و پێویستی بە نەشتەرگەریی خێرا هەیە، ئەگەر لە ماوەی 6 کاژێردا نەشتەرگەری بۆ نەکرێت گونەکان ڕەش دەبنەوە و دەبێت دەربهێنرێن.
د. دیدار کامران ئاماژەی بەوەشکرد کە حاڵەتەکە لە منداڵانی تەمەن 11 بۆ 18 ساڵان باوە پێویستە دایک و باوکان ئازاری منداڵ بە گرنگییەوە وەربگیرێت و بیهێننە لای پزیشکی پسپۆڕ .
لە کۆتاییدا، د. دیدار کامران ئەوەی خستەڕوو کە ئێستا تەندروستیی منداڵەکە جێگیرە و دووپاتی کردەوە کە کەیسی لەو شێوەیەیان زۆرە و هەندێک جار ناچار بوونە گونەکە دەربهێنن.
