رووداو- تەندروستی
دەرمانێکی نوێی تایبەت بە هەوکردنی درێژخایەنی جگەری جۆری B، توانیویەتی نزیکەی 1 لە 5 هەڵگری ڤایرۆسەکە چارەسەر بکات.
دەرمانە نوێیەکە ناوی (bepirovirsen)ە و لەلایەن هەردوو کۆمپانیای دەرمانی (Ionis Pharmaceuticals) و (GlaxoSmithKline) بەرهەمهاتووە، دەرمانەکە وادەکات ڤایرۆسەکە لە جەستەی نەخۆشەکاندا نەمێنێت، هەروەها رێگری لە زۆربوونی ڤایرۆسەکە دەکات و سیستمی بەرگریی جەستە بۆ هێرشکردنە سەر ڤایرۆسەکە بەهێز دەکات.
چارەسەرەکە لەڕێگەی دەرزیی هەفتانەوە دەبێت، لە دوو توێژینەوەی جیاوازدا کە بۆ ماوەی 24 هەفتە بەردەوام بوو هەزار و 838 نەخۆش لە 29 وڵاتی جیهان بەشدارییان تێدا کرد، دەرکەوت نزیکەی 20%ی ئەو نەخۆشانەی دەرمانی (bepirovirsen)یان وەرگرتووە گەیشتوونەتە چارەسەر، واتە دوای 48 هەفتە لە کۆتاییهاتنی وەرگرتنی چارەسەر، هیچ پاشماوەیەکی ڤایرۆسەکە لە جەستەیاندا نەدۆزراوەتەوە.
کۆمپانیای (GlaxoSmithKline) داواکاریی بۆ پەسەندکردنی دەرمانەکە پێشکێشی دەستەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA) کردووە و چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو 26ی 10ی ئەم ساڵ بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت.
د. ویلیام جارناگین پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی لە سەنتەری شێرپەنجەی میمۆریاڵ سلۆن کێتەرینگ لە نیویۆرک دەڵێت: "ئەمە یەکەمین پێشکەوتنی گەورەیە لە چارەسەری هەوکردنی درێژخایەنی جگەری جۆری B لە ماوەی دەیان ساڵدا."
هەوکردنی درێژخایەنی جگەری جۆری B لەڕێگەی شلەکانی لەشەوە دەگوازرێتەوە و دەتوانێت ببێتە هۆی ریشاڵبوون و شێرپەنجەی جگەر، هەرچەندە ڤاکسینی هەیە بەڵام چارەسەرەکانی ئێستا کە مادەی دژە ڤایرۆسین ناتوانن ڤایرۆسەکە بە تەواوی لەنێوببەن و پێویستە بۆ هەمیشە بەکاربهێندرێن.
