خانووەکەمان لە دوو ژوور، ناندینێک، کادینێک و گەوڕێک کە دەکەوتە قاتی خوارە پێکدەهات. ژوورەکان چەند تاقێکیان تێدا بوون، دیمەنێکی جوانیان بە ماڵەکە بەخشیبوو. یەکێک بۆ سەماوەر و یەکێک بۆ نوێن و ئیدی هەریەکەو بۆ شتێک بەکەڵک بوو. پەنجەرەیەکی کراوە کە دەمانتوانی لێوەی بەناو ژوورەکاندا هاتووچۆ بکەین. لە هەمووی جوانتر ئەو دۆڵابانە بوون کە لە شێوەی سندووق دا دروستکرابوون، هەریەکەو وێنەیەکی لەسەر نەخشێنرابوو، یەکێک لەوانە وێنەی دوڵدوڵێکی لەسەر نەخشێنرابوو! دوڵدوڵ وەکو لە نەخشەکەدا کێشرابوو، ئەسپێک یان ماینێک بوو، دوو باڵی هەبوو، سەری ژنێکی جوانی پێوە لکێنرابوو. ئەم سندووقانە نوێنەکانیان لەسەر هەڵدەچنرا، چەند دەرگایەکیان هەبوو بۆ هەڵگرتنی کەلوپەلی گرنبەها یان بۆ پاراستنی پێداویستی بەکاردەهێنران. دوڵدوڵەکەی ئێمە کلیلەکەی لەلای نەنە گوڵچین بوو، ئەویش وەک "قاسە" و وەک شوێنی هەڵگرتنی شتی تایبەت بوو، کەس بەلایدا نەدەچوو. ئەم جۆرە سندووقانە لە هەندێک شوێن سندووقی بۆراقیشی پێدەڵێن. دواتر ئەگەر لەیادم نەچوو، لە شوێنێکی دیکەدا باسی ئەو سندووقە دەکەم کە نەنە گوڵچین زستانان مێوژوو و گوێز و هەنجیری وشککراوە و توو و هەنار و بەهێی تێدا دەشاردەوە.
ژووری پێشەوە بەسەر ماڵی سەعید ئاغا و ماڵی دادە رەحمێ دا دەیڕوانی، شێوەی کۆڵانێکی تەنگی بەخۆوە گرتبوو. بەتایبەتی کاتێک ئێواران کار و بەرخ و مەڕو ماڵات خۆیان بە لای راستی ئاواییدا دەکرد، بە بەردەم ماڵی ئێمەدا رەتدەبوون، ئای چەند دیمەنێکی جوانیان هەبوو، بەتایبەتی لە زستانان دا، کاتێک بەسەر بەفرەکەدا ریز دەبوون، مەڕەکان خۆیان دەلەراندەوە و وەکو ریزە مێرولەیەکە ریزیان دەبەست، بزنە هار و هاجەکانیش بەملاو ئەولادا لە ریزەکە دەردەچوون و ریزەکەیان تێکدەدا. کاتێک بەرخەل بۆ شیرخواردن بەردەدران، ئیدی وەکو دەڵێن سەگ ساحێبی خۆی نەدەناسی، کەچی کەم جار هەبوو، بەرخێک یان کاریلەیەک بەهەڵە گوانی بزنێک یان مەڕێکی دیکەی جیاواز لە دایکی خۆی بمژێت، ئیدی ئەمە مەتەڵێک بوو کە هەمیشە لە مێشکمدا دەزرنگایەوە و ئێستایشی لەگەڵدابێت وەڵامەکەیم نەدۆزیوەتەوە. کە لە نەنە گوڵچینم دەپرسی، لە وەڵام دا دەیگوت:
هەموو زیندەوەرێک خوای گەورە بەشی ئەوەندە عەقڵی پێداوە کە بتوانێت ژیانی خۆی پێ رێکبخات. ئەی مەگەر خوا باڵی بۆ مێشوولە دروست نەکردووە، تاوەکو پێی بفڕێت. ئیدی منیش لەوە زیاتر پرسیارم نەدەکرد و وەڵامەکەی نەنە گوڵچینم لێ سەروزیاد بوو.
گوندەکەمان نۆڕک، وهکو زۆربهی زۆری گوندهکانی کوردستان زۆر جار لهلایهن سهربازان و جاشی رژێمهوه ئازاردراوە، تەنانەت لەسەردەمی شێخ مەحموود دا لەلایەن فڕۆکەکانی ئینگلیزەوە بۆردوومان کراوە. تاوەکو ئهوکاتەی له ساڵی 1978 به یهکجاری تهختکراو بهشێک له خهڵکەکهی گواسترانهوه بۆ ئۆردووگای زۆرەملێی کهناروێ، بهشێکیش نەچوونە ئۆردووگا زۆرەملێیەکان و له شاری سلێمانی نیشتهجێبوون، ماڵی ئێمهش یهکێک بوو لهو ماڵانهی که دوای رووخاندنی نۆڕک له سلێمانی نیشتهجێبووین.
دوای رووخانی شۆڕشی ئەیلوول هێشتا دەوڵەتی داگیرکاری عێراقی بە تەواوی دەستی نەگەیشتبووە ناوچەکە، بەڵام خەڵکی ناوچەکە هەمیشە لە دڵەڕاوکێ و ترس بەدوور نەبوون. بۆیە زۆرجار خەڵکی ئاوایی لە ترسی فڕۆکەکانی رژێم دەچوونە دەرەوەی گوندەکە تاوەکو خۆیان بشارنەوە و زیانیان لێنەکەوێت.
باوکم لە دوای خۆی تفەنگێکی کلاشینکۆفی مزەلی بەجێهێشتبوو، دایکم و نەنە گوڵچین کە ئێمە بە دایە بانگمان دەکرد، هەموو کاتێک کە دەڕۆیشتینە دەرەوەی ئاوایی، کلاشینکۆفەکەیشیان لەگەڵ خۆیاندا دەهێنا، وەکو ئەندامێکی خێزانەکەمانی لێهاتبوو، لە گوێنییەک یانیش بەتانییەکەوە دەیانپێچا، کەس نەیدەزانی کە ئەوە تفەنگەکەی باوکمە و هاوڕێیەکی نزیکی ئێمەیە.
مامە حەیدەر کە ئێمە ناوەکەیمان کورتکردبووەو پێماندەگوت "مامە یەرە"، مێردی پوورە مینای خوشکی باوکم بوو، پیاوێکی تاوەکو بڵێی بەڕێز و کەمدوو، ئارام و لەسەرخۆ بوو، خەڵکی گوندی چەمپاراو بوو کە دەکەوتە ئەودیو سنوورەوە، واتە رۆژهەڵاتی کوردستان کە ئەوکاتە ئێمە پێماندەگوتن "ئێرانی". مامە یەرە جار بە جارێک سەردانی دەکردین و لەگەڵ خۆی کۆڵێک پەتاتە و پیاز و میوە و شتی دیکەی وەکو دیاری بۆ دەهێناین، پوورە میناش سەردانی دەکردین. ئاخر خۆ لەوسەر سنوورە پێویستی بە مۆڵەت و پاسپۆرت نەدەکرد، خەڵک بە ئاسانی هاموشۆی هەردوو بەری سنووریان دەکرد. جارێکیان مامە یەرە لە نۆڕک بوو، رەوێک فڕۆکەی عێراقی هاتنە سەر ناوچەکە، ماڵی ئێمە و ماڵی ئیبراهیم ئاغا کە ئێمە پێماندەگوت "مامە بلە"، زۆرجار کە دەچووینە دەرەوەی ئاوایی دەچووینە ئەو شوێنانەی ئەشکەوتی لێبوو، وەکو کونە تەیارە خۆمان تێیدا دەشاردەوە. ئێمە و ماڵی مامە بلە چوبووین بۆ دەروبەری زاخێ، مامە یەرە زەندەقی لە فڕۆکەکان چووبوو، بۆیە ئەگەر دەنگی رەشەبایش بهاتایە، رووی دەکردە، خێزانەکەی مامە بلە و دەیگوت: ماتابە خانم (ساحیبە خان)، هۆنەی دێ، هۆنە، ئیتر بەوشێوەیە خۆی دەتۆقاند و خەڵکەکەی دەروبەریشی.
زاخێ، قۆخە دێیەک بوو کەوتبووە لای خوارووی گوندی نۆڕکەوەو، چەند ماڵێکی لێبوو، بەڵام زیاتر ماڵی مامە بلە سەروکاریان لەگەڵیدا هەبوو، تەختاییەکی پان و بەرینی هەبوو کە بۆ گەنم و جۆ یەکاویەک بوو. پێش ئەوەی بگەیتە ئەو تەختاییە، قەراخ چەمێک بوو، رەنگە مێژووەکەی بگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا، ئاوێکی بەخوڕی پێدا دەهاتە خوارەوە، بەتایبەتی لە بەهاران دا، سوورە چنار و دارگوێز و داربەڕو چەمەکیان داپۆشی بوو، چەند ئەشکەوتێکی بچکۆلەش کە دەتگوت خوا بۆ کونە تەیارە دروستی کردبوون لەو هەبوون، لە بەیانییەوە تاوەکو ئێوارە تاریک دادەهات و مەترسی فڕۆکەکانی دووژمن نەدەما، ئەو ئەشکەوتانە دەبوونە ئوتێلی پێنج ئەستیرەیی بۆ ئێمە و، بەخۆشی تێیدا دەماینەوە و دەحەواینەوە، دیارە کڵاشینکۆفەکەی باوکم بەردەوام لەنێو ئەو ئەشکەوتانەشدا لەگەڵمان بوو.
زۆرجار تفەنگەکەی باوکمیان لە یەکێک لەو تاقانەی کە لە خانووەکەماندا هەبوو و بە ئەندازەی کلاشینکۆفەکە هەڵیان دڕیبوو، دەشاردەوە. سەماوەرێکیان لەسەر دادەنا، جگە لە خۆمان کەس عەقڵی بۆ ئەوە نەدەچوو کلاشینکۆفێک لەژێر ئەو سەماوەەردا شاردرابێتەوە. تەنانەت جارێک لەو جارانەی کە سەربازانی عێراقی دوای ئەوەی چواردەوری گوندەکەیان گرت و هاتنە ناو ئاواییەوەوە، دەستیان بە پشکینی ماڵەکان کرد، بەڵام هەستیان نەکرد کە ئەو تاقە تفەنگێکی تێدا شاردراوەتەوە. چیرۆکی تفەنگەکەی باوکم، تاوەکو سەرەتای ساڵانی کۆتایی حەفتاکانیش کە هێشتا سەری تێدا نەچووبوو، ببووە بەشێک لە ژیانی ئێمە! پێموایە دواتر کلاشینکۆفەکە درا بەو پێشمەرگانەی کە بە ناوی (قیادەی موقەت)ەوە هاتبوونەوە دەڤەرەکە یان پێیان فرۆشرا، بەڵام پارەکەشیان نەداینێ، ئیدی تفەنگەکەی باوکم سەری تێداچوو، ئاخر ئەو کلاشینکۆفە بۆ هەموو شوێنێک لەگەڵمان بوو، یەک چرکەش لە خۆمانمان دوور نەدەخستەوە، ئەگەر بڵێم ئەوە تەنیا سەروەتێک بوو لەوکاتەدا باوکم بۆ ئێمەی بەجێهێشتبوو، درۆی تێدا نییە!
کاتێک سەربازەکانی رژێمی عێراق هاتنە ناو ئاواییەوە وەکو کۆمەڵە گورگێکی برسی بوون، کە بەسەر رانە مەڕەکەیاندا دابێت، ئاخر کەس نەبوو بەرگریمان لێبکات. ئەوە یەکەم جار بوو لە نزیکەوە خەڵکانێک ببینم کە جلی سەربازییان لەبەردابێت و چەکداریش بن، ئێمە تەنیا بە پێشمەرگە ئاشنابووین، بۆیە جێگەی تێڕامانی ئێمەبوون، جگە لەوەش لە زمانەکەشیان تێنەدەگەیشتین، تەنانەت شێوەی نوێژکردنی هەندێکیان جیاوازبوو، بەلامانەوە سەیربوو کە هەندێکیان لەکاتی نوێژکردن دا بەردێکی بچووکیان لەبەردەم خۆیان دادەنا. بەڕاستی خەڵکانێکی نامۆ بوون بۆ ئێمە. ئەوکاتە کاک رەئوف نۆڕکی کە بەداخەوە لە ساڵانی نەوەتەکاندا بوو بە قوربانی شەڕی ناوخۆ، تازە ببووە پێشمەرگە، سەربازەکانی رژێم ئاگریان بە خانوەکەیانەوە نا، کە دەکەوتە لای سەرووی ئاواییەوە، ئێمە لەسەر بانیژەی ماڵی خۆمانەوە تەماشامان دەکرد، ئەو پیاوانەی لەسەر بان و دەورەبەری مزگەوتەکە کۆکرابوونەوە، هەموو لارەمل وەستابوون، ئەوانیش بێدەسەڵاتانە روویان لە ماڵەکەی کاک رەئوف کردبوو کە بە کاوەخۆ خەریکبوو گوێسوانەکانی گڕیان دەگرت و دەیتەنییەوە! لە پڕێکدا دەروێش دێوانە، بە خۆی و پرچە درێژەکەیەوە وەکو تیسکەی تفەنگ، دووپشکەئاسا بە بەردەمی ماڵی کاک رەئوف دا هاتە خوارەوە، تاوەکو لای مزگەوتەکە نەوەستا، جەزمە گرتبووی و های و هووی دەگەیشتە کەشکەلانی فەلەک، ئەفسەر و سەربازەکانی دەوری خەڵکەکەیان دابوو، زۆری پێنەچوو فەرماندەکەیان فەرمانی دا ئاگرەکە بکوژێننەوە! دیاربوو ئەو شێوە هاتنە خوارەوەی حاجی دێوانە کاریگەری لەسەر فەرماندەی هێزەکە دانابوو، بۆیە بڕیاریدا ئاگرەکە بکوژێننەوە، ئیتر خەڵکی ئاوایی بەپەلە ئاگرەکەیان کوژاندەوە. ئەوجارە ماڵەکەی کاک رەئوف و حاجی عەبدولی باوکی لە سووتاندنی حەتمی رزگاریان بوو.
فەرماندەی سەربازەکان لەسەر بانی مزگەوتەکە بەردێکی بچکۆلەی لە بەردەمی خۆی دانا و بەبێ ئەوەی بەرماڵ رابخات، دەستیکرد بە نوێژکردن. دڵنیام زۆر لە خەڵکی گوندەکەمان نەیاندەزانی کە ئەوە نەریتێکی شیعەکانە و بەوشێوەیە نوێژ دەکەن، بۆیە جێگەی سەرنج بوو بۆ هەمووان.
شیعەکان لەکاتی نوێژکردن دا، بەردێکی مۆریان پێیە، ئیدی زۆر گوێ بەوەنادەن، بەرماڵیان پێبێ یان نا، لەهەر کوێیەک دڵیان خواستی بەردەقوڕینەکەی گیرفانیان دەردەهێنن و دەست بە نوێژکردنی خۆیان دەکەن. خەڵکی ئاوایی بەگشتی زەندەقیان چووبوو، ئێمە کە تفەنگەکەی باوکمان لە ماڵ دا شاردبووە و هێشتا سیواخی تاقەکە بەتەواوی وشک نەببوو، هێندەی دیکە ترسی خستبووە دڵمانەوە، بەڵام دڵمان بەو پارچە پەرۆیەی لەناو تاقەکەدا راخرابوو و سەماوەرەکەی لەسەر دانرابوو، خۆشبوو. ئاخر هیچ گومانێکی نەهێشتبووە تاوەکو سەربازەکان زەینیان بۆ جێگەیەکی وابچێ کە کلاشینکۆفێک کە ئێمە بە تفەنگەی باوکم ناومان دەبرد لەناو ئەو تاقەدا راکشابێت.
ئای زەمانە، رۆژانێک ئەو تفەنگە کە بە شانی خاوەنەکەیەوە بوو، قەسدی سەری سەربازانی داگیرکەربوو، بەڵام ئێستا وا لە ترسان لە تاقێکدا شاردوومانەتەوە.
دەمەو ئێوارەیە و سەربازەکان لووتبەرزانە هەندێکیان تفەنگەکانیان لەسەر شانیان داناوە و بەخێسەکردن لە خەڵکەکە، پاشەکشە دەکەن و گوندەکەمان بەجێدەهێڵن. وردە وردە تیشکی خۆریش دوا تاڵە ئاوریشمییەکانی خۆی دەپێچیتەوە و لە (هەڵوان)ەوە ئاودیو دەبێت، تاریکی باڵ بەسەر گوندەکەماندا دەکێشێت، بەڵام زۆرنابات چرا فانۆسەکان و هەندێک ماڵیش کە لۆکسیان هەیە دڕ بە تاریکی شەوەکە دەدەن، بەڵام بێدەنگییەکی سامناک باڵی بەسەر ئاواییدا کێشابوو. ئێمەیش خۆمان لە لێفە بە لۆکە ئاخنراوەکان دەئاڵێنین و لە چاوەڕوانی رۆژێکی نوێ دا، رۆژێک کە دووربێت لە پۆستاڵی سەربازانی داگیرکەر و بەردەمۆرەکانی گیرفانیان، خەوێکی قوڵ لە ئامێزمان دەگرێت.
