رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئابووریی پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان، رایدەگەیێنێت کە نرخی نوێی جۆرەکانی نان لە پارێزگاکەدا راگەیێندراوە؛ ئامانجی ئەم بڕیارەش پاڵپشتیکردنی نانەواخانەکان و رێگریکردنە لە زیانمەندبوونیان.
سەجاد غوڵامی، بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی هاوئاهەنگیی کاروباری ئابووری لە پارێزگای ئیلام، ئەمڕۆ بە میدیای فەرمیی ئێرانی راگەیاند، لە دیاریکردنی نرخە نوێیەکاندا، تێچووی حەقدەستی کرێکاران، بیمە و کرێی خانوو لەبەرچاو گیراون. غوڵامی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم نرخە نوێیانە لە رۆژی سێشەممەوە بە شێوەیەکی زیرەک لەسەر ئامێرەکانی (POS) لە هەر 759 نانەواخانەکەی پارێزگاکەدا جێگیر کراون.
بەپێی راگەیێندراوەکە، نرخە نوێیەکان بەم شێوەیەن:
● نانی سەنگەکی تەنووری: 8,000 تمەن
● نانی سەنگەکی ئامێر: 7,000 تمەن
● نانی بەڕبەڕی: 5,500 تمەن
● نانی تافتوونی تەنووری: 3,100 تمەن
● نانی تافتوونی ئامێر: 2,800 تمەن
● نانی سەمون: 2,100 تمەن
● نانی لەواشی ئامێر: 1,600 تمەن
● نانی لەواشی ئاسایی: 1,500 تمەن
● عەلاگەی نایلۆن (دانەیەک): 4,000 تمەن
ئەمانە نرخە فەرمییەکانن کە لەلایەن حکومەتەوە دەستنیشان کراون، بەڵام بەپێی زانیارییەکان، نرخی نان لە بازاڕی ئازاددا دوو هێندە و لە هەندێک شاری گەورەدا تاوەکو سێ هێندەش گرانتر دەفرۆشرێت.
هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە، پارێزگای ئیلام پلانێکی تووندی بۆ چاودێریکردنی جۆری پێشکێشکردنی نان و پێوەرە تەندروستییەکان دەست پێ کردووە تاوەکو چیدیکە کواڵێتیی نان پشتگوێ نەخرێت.
