رووداو دیجیتاڵ
بەپێی بەڵگەنامەیەک کە رۆژی چوارشەممە پێشکێشی کۆمیسیۆنی کاخەزە داراییەکان و بۆرسەی ئەمریکا، (SEC) کراوە، کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیلۆن مەسک، نرخێکی جێگیری 135 دۆلاری بۆ هەر پشکێک دیاری کردووە، ئەمەش پێش دەستپێکردنی فەرمی پرۆسەی یەکەمین خستنەڕووی گشتی پشکەکانی ئەو کۆمپانیایە.
سپەیس ئێکس رایگەیاند، پلانی هەیە 555.6 ملیۆن پشک بفرۆشێت و لەو رێگەیەوە بڕی 75 ملیار دۆلار وەبەرهێنان کۆبکاتەوە. کۆمپانیا داراییەکان بژاردەی کڕینی 83.33 ملیۆن پشکی زیاتریان هەیە بە نرخی یەکەم خستنەڕوو کە بەهاکەی دەگاتە 11.2 ملیار دۆلار. بەپێی بەڵگەنامەکە، مەسک دوای ئەم خستنەڕووە زیاتر لە 82%ی مافی دەنگدان و کۆنترۆڵی کۆمپانیاکەی دەبێت.
بانکی گۆڵدمان ساکس، بانکی سەرەکییە بۆ ئەم خستنەڕووە و لە دوای ئەویش بانکەکانی مۆرگن ستانلی، بانکی ئەمریکا، سیتی گرووپ و جەی پی مۆرگان دەتوانن مامەڵەکانی پەیوەست بە فرۆشتنی پشکەکانی سپەیس ئێکس جێبەجێ بکەن.
بەشێوەیەکی ئاسایی لە یەکەم قۆناخدا، کۆمپانیا نوێیەکان مەودایەکی نرخ دیاری دەکەن بۆ ئەوەی خواست لەسەر پشکەکان هەڵسەنگێنن، بەڵام سپەیس ئێکس رێگەیەکی جیاوازتری گرتووەتەبەر و نرخێکی جێگیری دیاری کرد دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی سەرەتایی بۆ هەڵسەنگاندنی بەهای بازاڕی کۆمپانیاکە.
بە نرخی 135 دۆلار بۆ هەر پشکێک، بەهای سپەیس ئێکس دەگاتە 1.77 تریلیۆن دۆلار. ئەم بەهایە وای لێدەکات ببێتە حەوتەم گەورەترین کۆمپانیا لە ئەمریکا لە رووی بەهای بازاڕەوە و بەمەش پێش کۆمپانیای تێسلا دەکەوێت کە بەهاکەی نزیکەی 1.6 تریلیۆن دۆلارە. بڕیارە کۆمپانیاکەی مەسک لە 12ی ئەم مانگه لە بۆرسەی ناسداک بە فەرمی پشکەکانی بخرێنەڕوو.
سپەیس ئێکس کە بە هێمای (SPCX) دەچێتە ناو بۆرسە، بڕیارە ببێتە گەورەترین یەکەم خستنەڕووی پشکی کۆمپانیایەک لە مێژوودا. بەوپێیەش بەهاکەی زیاتر لە سێ هێندەی بەهای کۆمپانیای عەلی بابا دەبێت کە تاوەکو ئێستا گەورەترین خستنەڕوی پشکەکانی کۆمپانیایەک بووە لە ئەمریکا.
کۆمپانیای سپەیس ئێکس لە ساڵی 2002 لەلایەن ئیلۆن مەسکەوە دامەزرا، لە کۆمپانیایەکی تایبەتی بچووکی مووشەکەوە گەشەی کردووە بۆ هێزێکی باڵادەست لە کەرتی بۆشایی ئاسماندا.
لە ماوەی 24 ساڵی رابردوودا، کۆمپانیاکە لە رێگەی تەکنەلۆجیای مووشەکی دووبارە بەکارهێنەرەوە، شێوازی گەشتە بازرگانییەکانی بۆشایی ئاسمانی گۆڕی. مووشەکی فاڵکۆن 9 کە شانازی سەرەکیی کۆمپانیاکەیە، سەدان گەشتی ئەنجامداوە، لە کاتێکدا پڕۆگرامی ستارشیپ ئامانجی گواستنەوەی مرۆڤە بۆ سەر مانگ و لە کۆتاییشدا بۆ هەسارەی مەریخ. هەروەها کۆمپانیاکە بووەتە هاوبەشێکی سەرەکی ناسا بۆ گواستنەوەی کەشتیوانان و کەلوپەل بۆ وێستگەی نێودەوڵەتی بۆشایی ئاسمان و بەدەستهێنانی گرێبەستی حکومی بە بەهای ملیاران دۆلار.
هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی بەهای سپەیس ئێکس بریتییە لە ستارلینک، کە بەشی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی کۆمپانیاکەیە. ستارلینک زیاتر لە 8,000 مانگی دەستکردی لە خوولگەی نزیکی زەویدا جێگیر کردووە و خزمەتگوزاری بە ملیۆنان کڕیار لە سەرانسەری جیهان پێشکەش دەکات.
شرۆڤەکاران مەزندە دەکەن ستارلینک ئێستا ساڵانە دەیان ملیار دۆلار داهاتی هەبێت و لە داهاتوودا دەبێتە یەکێک لە گەورەترین دابینکەرانی پەیوەندیەکان لە جیهاندا. وەبەرهێنەران زیاتر تەماشای ئەو داهاتە دەکەن کە سپەیس ئیکس دەتوانێت ساڵانە بەدەستی بهێنێت. ئەوەش هۆکاری سەرەکیە لە پشت بەهای بازاڕی نائاسایی سپەیس ئێکس. وەبەرهێنەران تەنیا تەماشای مووشەکەکانی سپەیس ئیکس ناکەن، چاویان لە خزمەتگوزارییەکانییەتی.
هەرچەندە خستنەڕووی گشتی پشکەکانی سپەیس ئێکس 75 ملیار دۆلار بۆ کۆمپانیاکە دەستەبەردەکات. بەڵام ئەم ژمارەیە تەنیا بەشێکی کەمی بەهای گشتیی سپەیس ئێکسە. بەو پێیەی سپەیس ئێکس کۆی ژمارەی پشکەکانی نزیکەی 13 ملیار پشکە، نرخی 135 دۆلار بۆ هەر پشکێک، بەهای بازاڕی کۆمپانیاکە دەگەیێنێتە نزیکەی 1.77 تریلیۆن دۆلار. بۆ تێگەیشتن لەو قەبارەیە، ئەم بەهایە، سپەیس ئێکس دەخاتە ریزی بەنرخترین کۆمپانیا گشتییەکانی سەر زەوی و بەهاکەی لە قەبارەی ئابووری ساڵانەی زۆرێک لە وڵاتان زیاتر دەبێت.
بۆ ئیلۆن مەسک، ئەم خستنەڕووە وەرچەرخانێکی دیکەیە لە کاروانی پیشەییدا کە پێشتر چەندین کەرتی گۆڕیوە، لە ئۆتۆمبێلی کارەباییەوە تاوەکو ژیریی دەستکرد و گەڕان لە بۆشایی ئاسماندا. بۆ وەبەرهێنەران، ئەمە دەرفەتێکی دەگمەنە بۆ کڕینی پشکی کۆمپانیایەک کە شۆڕشی لە گەشت بە بۆشایی ئاسمان دروستکردووە و خۆی لە چەقی ئابوورییەکی گەورەی بۆشایی ئاسماندا جێگیر کردووە، کە بەپێی هەندێ لە مەزەندەکان، لە دەیەکانی داهاتوودا ساڵانە قەبارەکەی لە 1 تریلیۆن دۆلار تێدەپەڕێت.


.jpg&w=3840&q=75)
