رووداو دیجیتاڵ
ئەمرۆ سێشەممە نرخی زێڕ بە جێگیری مایەوە، لە کاتێکدا وەبەرهێنەران خەریکی هەڵسەنگاندنی ئاگربەستێکی کاتی نێوان حیزبووڵا و ئیسرائیلن و چاوەڕێی زانیاری زیاترن لەسەر دۆخی وتووێژەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران.
یەک ئۆنسە زێڕ ئەمڕۆ بە 4,481 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت و بە بە جێگیری ماوەتەوە. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی 8 بە رێژەی 0.1% بەرزبووەوە بۆ 4,511 دۆلار.
ئیلیا سپیڤاک، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ( تەیستی لایڤ) لەوبارەیەوە دەڵێت، "لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، چاوەڕوانییەکی زۆر هەبوو کە رەنگە درێژکردنەوەیەکی 60 رۆژی بۆ ئاگربەستەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا رابگەیێنرێت، بەڵام لە جیاتی ئەوە، وادیارە هەردوولا پێداگرییان لەسەر هێڵە سوورەکانیان کردووە و تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێکمان نییە."
رۆژی دووشەممە لوبنان ئاگربەستێکی کاتی و بەشەکی نێوان حیزبووڵا و ئیسرائیلی راگەیاند، ئەو جەنگەی بووەتە هۆکاری کوژرانی هەزاران کەس و ئاوارە بوونی دەیان هەزار کەسی دیکە.
پێشتر میدیا فەرمییەکانی ئێران رایانگەیاندبوو، ئێران دانووستاندنە ناڕاستەوخۆکانی لەگەڵ ئەمریکا وەستاندووە بەهۆی جەنگی لوبنانەوە و رەنگە کۆتایی بە ئاگربەستەکە بهێنێت، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند وتووێژەکان لەگەڵ ئێران بە خێرایی بەردەوامن.
ئێستا وەبەرهێنەران چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکانی هەلی کار لە کەرتی نانەوتی و رێژەی بێکاری لە ئەمریکا دەکەن کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بڵاوبکرێنەوە.
سەرنجی بازرگانان لەسەر لێدوانەکانی بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکایە لە نێوانیاندا ( بێس هماک)، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کلیڤلاند و (مایکڵ بار)، پارێزگاری بانکی فیدراڵی، بۆ ئەوەی هەندێ ئاماژەیان لەسەر ئاراستەی سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بۆ دەرکەوێت.
ئیلیا سپیڤاک پێیوایە، "ئەگەر زێڕ ئاراستەی بەرزبوونەوە بگرێتەبەر دەبێت بەربەستی سەرەکی لە دەوروبەری 4,900 دۆلار بشکێنێت و ئەگەر نرخی زێڕ بە بەهێزییەوە پێگەی خۆی لە سەرووی ئاستی 5,000 دۆلار جێگیر بکات، ئەوا دەردەکەوێت کە نرخی کانزای زەرد جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە سەر جووڵەی ئاسایی و درێژخایەنی خۆی کە ئاراستەی بەرزبوونەوەیە."
