ئابووری
ئەمساڵ، 2024 بە ساڵی شۆکهێنەر بۆ بازاڕە داراییەکان، هەڵئاوسان، سیاسەتی بانکە ناوەندییەکان و گۆڕانکارییەکان لە دراوی دیجیتاڵی و گەشەی ئابووری وڵاتان ناسینرا،
بەرایی
بەهای دراوی وڵاتانی دراوسێی عێراق بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش، رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر دادەبەزن. تەنیا لەماوەی ئەمساڵدا تمەنی ئێرانی رێژەی 20، لیرەی تورکی رێژەی 38%، لێرەی سووریش سەرەڕای کەوتنی ئەسەد و بەرزبوونەوەی بەڕێژەی جیاواز، بەڵام ئەمساڵ بە رێژەی 50% لە هەمبەر دۆلاری ئەمریکی بەهای خۆیان لەدەستداوە. ئەم گۆڕانکارییە خێرایانەی بەهای دراوی وڵاتانی دراوسێی عێراق لە دوو رووەوە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر دیناری عێراقی دەبێت، یەکەمیان بەهۆی ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە لەگەڵ ئەو وڵاتانە کە ساڵانە سەرووی 20 ملیار دۆلارە، دووەمیشیان بەهۆی هەبوونی بازاڕی دراو و حەواڵەکردنی پارە لە عێراقەوە بۆ دەرەوە، بەبێ چاودێریی دامەزراوە فەرمییەکان، کە بەهای دیناری عێراقی لەم بازاڕانەدا رێژەی 15% کەمترە وەک لەوەی بانکی ناوەندیی عێراق لەبەرامبەر دۆلار دایناوە.
ئەگەر دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی بەهۆی گۆڕانکارییە دەرەکییەکان و گەمارۆکانی ئەمریکا و ئەورووپاوە بێت و، دابەزینی لیرەی تورکی بەهۆی زیادبوونی کورتهێنانی کاش و لاسەنگیی باڵانسی بودجە و هەڵوێستەکانی ئاکپارتییەوە لەهەمبەر گۆڕانکارییەکان لە ناوچەکەدا بێت، ناسەقامگیری و داتەپینی لیرەی سووریش بەهۆی بەردەوامیی شەڕ، ناسەقامگیری، گەمارۆ و سزا ئابوورییەکان و نادڵنیایی لە دەسەڵاتە نوێیەکەی جۆلانی بێت، ئەی بۆچی دراوی عێراقی رۆژانە لە بازاڕدا هەڵبەز و دابەزی هەیە و، هێشتا لە بازاڕ بە سەرووی 20 هەزار دینار زیاتر لە نرخی بانکی ناوەندی، مامەڵە بە هەر 100 دۆلارێکەوە دەکرێت؟
بڕیارە لەسەرەتای ساڵی داهاتووەوە عێراق گۆڕانکاری لە خستنەڕووی دۆلاری کاش بکات، بەشێوەیەک لەجیاتی بانکی ناوەندی، چەند بانکێک رۆژانە دۆلاری کاش بەو گەشتیارانە بدەن، کە لەڕێگەی فڕۆکەخانەکانەوە گەشتی دەرەوە دەکەن، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی جێبەجێکردنی ئەم شیوازەش ئێستا لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان بە بەراورد فڕۆکەخانەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق، بانێک و دوو هەوایە و جیاوزیی تێدایە.
لەم رووەوە، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) کە لە فڕۆکەخانەکان دۆلار بە گەشتیاران دەدات، لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی تەنیا هیندەی ژمارەی پەنجەکانی دەست دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی دەداتە ئەو گەشتیارانەی لەم فڕۆکەخانانەوە گەشت دەکەن، لەبەرامبەردا لە فڕۆکەخانەکانی دیکە رۆژانە دۆلار بە سەدان کەس دەدرێت، ئەمەش سەرەڕای ئەو دۆلارەی بانکی ناوەندی رۆژانە بە کاش رایدەگەیەنێت و خراوەتەڕوو هەر بۆ گەشتیاران بووە، چونکە هەموو مامەڵەیەکی دیکەی دۆلار، دەبێت لەرێگەی بانک و بە کرێدت بێت.
ئەم ساڵ گۆڕانکارییەکی گەورە لە خستنەڕووی دۆلار بە کاش و بە حەواڵە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە بەراورد بە ساڵی رابردوو کراوە، بەشێوەیەک کۆی پارەی حەواڵەی ئەم ساڵ گەیشتووەتە سەروو 58 ملیار دۆلار و بەکاش تەنیا 3.8 ملیار دۆلار بووە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو کۆی بڕی پارەی حەواڵە 37.6 ملیار و کاش 9.1 ملیار دۆلار بووە، هەرچەندە کاشەکەی ئەمساڵ نیوەی ساڵی رابردوو نابێت، بەڵام جیاوازیی نرخی بازاڕ و بانکی ناوەندی بۆ 100 دۆلار بەتێکڕا، ئەم ساڵ وەک پار بووە!
خاڵێکی دیکەی پەیوەست بە دراوەکە ئەوەیە؛ ئەم ساڵ بەهای هەموو دراوەکان بە دۆلاری ئەمریکیشەوە ناسەقامگیرە و هەڵبەز و دابەزی کردووە. دۆلاری ئەمریکی کە ئاڵۆگۆڕی بازرگانی جیهانی پێدەکرێت لە بەرامبەر چەند دراوێکدا رووی لە دابەزین بووە، بەرامبەر چەند دراوێکی دیکەش رووی لە بەرزبوونەوە بووە. ئێستاش بەهۆی سیاسەتی ئیدارەی داهاتووی ئەمریکا، پێشبینییەکانی سیتی بانک، جەی پی مۆرگان و دۆچە بانکی ئەڵمانی ئاماژە بە بەهێزبوونی دۆلاری ئەمریکی و نادڵنیایی بەهای دراوەکان بەرامبەری دەکەن، بەتایبەتیش بەهۆی ئەگەری زیادکردنی باجی گومرگی و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و گەشەی ئابوورییەوە لە ساڵی 2025.
لێرەدا بەپشتبەستن بەداتاکانی بانکی ناوەندیی عێراق و پێشبینییەکانی دامەزراوە ئابوورییەکانی جیهان، هەڵوەستەیەک لەسەر داهاتووی دیناری عێراقی، تمەنی ئێرانی، لیرەی تورکی و سووری لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریکی دا بۆ ساڵی 2025 دەکەین.
دیناری عێراقی لە 2025ـدا دادەبەزێت؟
لە ساڵی 2024 بڕی ئەو پارەیەی بە حەواڵە خراوەتەڕوو، بەرێژەی 32% بەراورد بە ساڵی پێشتر زیادیکردووە، لەبەرامبەردا بڕی ئەو پارەیەی بە کاش خراوەتەڕوو، بەڕێژەی 56% کەمیکردووە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و پرسیارە ئەوەیە؛ نرخی دۆلار بەهەمان ئەو رێژەیەی خستنەڕووی کاش بۆ بازاڕ دانەبەزیوە، بگرە گۆڕانکاریش تێیدا رووینەداوە.
ئەمساڵ ئەو پارەیەی لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە بە کاش و حەواڵە خراوەتەڕوو، گەیشتووەتە سەرووی 62 ملیار دۆلار، بەشێوەیەک حەواڵە گەیشتووەتە سەرووی 58 ملیار دۆلار، لەبەرامبەردا کاشیش بۆ 3.8 ملیار دۆلار دابەزیوە وەکو لە گرافیکی یەکەمدا هاتووە.
گرافیک 1: خستنەڕووی دۆلار بە حەواڵە و کاش لەساڵانی 2023 و 2024ـدا.
تێبینی، داتای خستنەڕووی دۆلار لە بانکی ناوەندی تاوەکو 26ـی کانوونی یەکەمی 2024ـە
شتێکی دیکەی سەرنجڕاکیش لە داتاکانی بانکی ناوەندیی عێراقەوە لەبارەی بڕی ئەو پارەیەی چاپی کردووە، بریتییە لە هەڵبەز و دابەزی بڕەکەی بەشێوەیەک بەپێی داتاکان، لە 31ـی تشرینی یەکەمی 2024ـدا کۆی پارەی چاپکراو لەلایەن بانکی ناوەندییەوە 104.1 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام لە 30ـی تشرینی دووەمی 2024، بۆ 101.3 تریلیۆن دینار کەمبووەتەوە! لەم بڕەش رێژەی کەمتر 10%ـی لەنێو بانکەکاندایە و رێژەی سەرووی 90%ـی لە دەرەوەی بانکەکانە. ئەم پارە کاشەش دەتوانێت نرخی دۆلار لە بازاڕدا بگۆڕێت، نەوەکو خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بە کاش.
داهاتووی تمەنی ئێرانی و لیرەی تورکی و سووری لە 2025:
تمەنی ئێرانی لە ساڵی 2018ـەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 90%ـی بەهاکەی لەهەمبەر دۆلار لەدەستداوە و لە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2024دا بەهای یەک دۆلار لە بازاڕەکان گەیشتە 77 هەزار تمەن، واتە بەهای 100 دۆلار 7.7 ملیۆن تمەنی تێپەڕاند کە ئەمەش نزمترین ئاستی تمەنە بەرامبەر بە دۆلار و چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی نوێی ئەمریکا لە ساڵی داهاتوو، گۆڕانکاری دیکە لە بەهای تمەن بێتە ئاراوە.
ساڵی رابردوو پێشبینی کرا ئەمساڵ (2024) لیرەی تورکی لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریکی یەک لەسەر سێی بەهاکەی لەدەستبدات. ئێستاش بەهای لیرەی تورکی رۆژ بە رۆژ لەبەرامبەر دۆلار دادەبەزێت، بەشێوەیەک رۆژانی رابردوو نزمترین ئاستی میژوویی تۆمارکرد، کاتێک بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی گەیشتە سەروو 35 لیرەی تورکی.
لیرەی تورکی هاوشێوەی تمەنی ئێرانی لەماوەی پێنج ساڵی رابردوو بەرێژەی سەرووی 90%ـی بەهاکەی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی لەدەستداوە، بەشێوەیەک لە 2018ـدا یەک دۆلار بە 4.5 لیرە بوو، بەڵام ئێستا یەک دۆلار گەیشتووەتە 35 لیرە. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان بەهۆی ئاڕاستەی زیادبوونی کورتهێنانەوەیە، بەشێوەیەک کورتهێنانی دەوڵەت لەکۆتایی مانگی تشرینی دووەمی 2024 گەیشتووەتە 16.6 ملیار لیرە، لەکاتێکدا کورتهێنان بەکاش 62.2 ملیار لیرەیە، ئەمەش سەرەڕای بەردەوامی پێشبینییەکان بۆ خراپتربوونی رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا.
بەپێی داتاکانی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان رێژەی 90%ـی دانیشتوانی سووریا لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، واتە بەشار ئەسەد لەدوای هەڵاتنی و کەوتنی دەسەڵاتەکەی، ئابوورییەکی بەجێهێشتووە کە دەیان ساڵ و ملیاران دۆلاری پێویستە بۆ هەڵسانەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئێستا دراوی سووری لەبەردەم گۆڕانکارییەکی گرنگ دایە، کە چاپکردنەوەی دراوەکەی بەهۆی پێویستیی سڕینەوەی وێنەی بەشار ئەسەد و نەمانی بەهاکەی بەشێوەیەک لە سەرەتای قەیرانی سووریاوە لە 2011ـەوە تاوەکو ئێستا، لیرەی سووری بەرێژەی سەروو 90% بەهاکەی لەبەرامبەر دۆلار لەدەستداوە.
رۆژانی پێش هەڵاتنی ئەسەد، یەک دۆلاری ئەمریکی گەیشتە 30 هەزار لیرە، لەکاتێکدا لە پێش قەیرانی سووریا 50 لیرەی سووری یەک دۆلاری ئەمریکی بوو. ئێستا لە بازاڕی سووریا دا یەک دۆلاری ئەمریکی لەنێوان 10 بۆ 15 هەزار لیرەی سووری مامەڵەی پێوە دەکرێت، واتە 100 دۆلار بە ملیۆن یان ملیۆن و نیویکە، بەڵام لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، لیرەی سووری بەهایەکی زیاتری لەوەی ناوخۆی سووریا هەیە.
هێشتا نازانرێت ساڵی داهاتوو دراوە نوێیەکەی سووریا، کە تورکیا دەستی هاوکاریی درێژکردووە بۆ چاپکردنی، لەبەرامبەر دۆلار چۆن دەبێت، ئەویش بەهۆی نەزانینی یەدەگی بانکی دراوەکە و ئەو بڕەی چاپ دەکرێت، بۆیە چارەنووسی لیرەی سووری نادیارە و نازانرێت بەهاکەی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی لە 2025 چۆن دەبێت.
ناسەقامگیریی دۆلار و کاریگەریی لەسەر دراوەکانی دیکەی وڵاتان لە 2025ـدا
دۆلاری ئەمریکی دراوی مامەڵکراوی نێودەوڵەتییە و خاوەنداریێتیی نزیکەی یەک لەسەر سێی کۆی ئابووریی جیهان دەکات، ئەم دراوە لەماوەی 2024ـدا بەهۆی سیاسەتەکانی بانکی فیدراڵیی ئەمریکاوە لەبەرامبەر هەندێک دراوی وڵاتانی جیهان رووی لە دابەزین کرد و، لەبەرامبەر دراوی هەندێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش لەسەرووی هەموویانەوە تورکیا، ئێران و سووریا بەڕێژەی جیاواز بەرزبووە.
بەپێی دامەزراوەی شیکاریی پین پۆینت بۆ گۆڕینەوەی دراوەکان لە جیهان، دۆلاری ئەمریکی بەڕێژەی 11.5% بەرامبەر دراوی تایلەندی، بەڕێژەی 8.1% بەرامبەر پاوەندی بەریتانی، بەڕێژەی 6% بەرامبەر کرۆنی سویدی و بەڕێژەی 4.4% بەرامبەر یۆرۆی یەکێتیی ئەورووپا دابەزیوە، لەبەرامبەردا بەڕێژەی 24.8% بەرامبەر لیرەی تورکی، بەڕێژەی 8.3% بەرامبەر دراوی بەڕازیلی و بەڕێژەی 1.1% بەرامبەر دراوی هیندی زیادیکردووە.
ئەمساڵ، 2024 بە ساڵی شۆکهێنەر بۆ بازاڕە داراییەکان، هەڵئاوسان، سیاسەتی بانکە ناوەندییەکان و گۆڕانکارییەکان لە دراوی دیجیتاڵی و گەشەی ئابووری وڵاتان ناسینرا، بەڵام لەڕاستیدا بۆ ئابووریی جیهانی و بازرگانیی نێودەوڵەتی و چارەنووسی دراوەکان لە 2025، دەبێت چاوەڕوانی رۆژانی دوای سوێندخواردن و سیاسەتەکانی سەرۆکی نوێی ئەمریکا بین، کە گەورەترین ئابووریی جیهان و خاوەنداری 30.3 تریلیۆن دۆلارە لە کۆی 115 تریلیۆن دۆلاری کۆی ئابووریی هەموو جیهان دەکات.
کۆتایی
گۆڕانکاریی لە بەهای دراو یان دابەزینی بەهای دراوی هەر وڵاتێک بەگشتی دوو دیوی هەیە، یەکەمیان بەواتای بەهێزکردنی بەرهەمهێنانی نێوخۆیی و زیادکردنی هەناردەکردن بۆ دەرەوە و هاتنی گەشتیار لە دەرەوە بۆ وڵاتەکە دێت. لە دیوی دووەمدا بەواتای کەمبوونەوەی توانای هاوردەکردنی کاڵا و خزمەتگوزاریی دەرەکی لە دەرەوە بۆ نێو وڵاتەکە دێت بەهۆی بەرزیی نرخەکانەوە و کەمبوونەوەی توانای بەرهەمهێنانی ئەو کارگە نێوخۆییانەی پشت بە کاڵا و خزمەتگوزاریی دەرەکی دەبەستن، لەگەڵ کەمبوونەوەی توانای گەشتکردنی هاووڵاتیانی بۆ دەرەوە.
لەوانەیە ساڵی داهاتوو، سیاسەتی ئیدارەی نوێی ئەمریکا و گۆڕانکارییە جیۆپۆڵەتیکییەکان کاریگەرییان نەوەک هەر لەسەر تمەنی ئێرانی، لیرەی تورکی و سووری بەڵکو لەسەر کۆی دراوەکانی جیهانیش دابنێن. دیناری عێراقیش بەدەر لەو فاکتەرانە کاریگەری لە هاتن و نەهاتنی دۆلاری ئەمریکی وەردەگرێت، سەرەڕای گۆڕینی سیستمی بانکی و بەدیجیتاڵیکردن و گواستنەوەی پارە لەڕێگەی سویفت بانکەوە و کەمکردنەوەی کاش و زیادکردنی حەواڵە.
لەکۆتاییدا، ئەگەر لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا هەڵبەزودابەز لە دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی رووبدات، هێندەی پەیوەندیی بە خواستی ئەو بازرگان و کەسانەوە هەیە کە لەنێو بازاڕی دۆلارەکاندا لە عێراق و هەرێمی کوردستان مامەڵەی دەکەن، هێندە پەیوەندیی بە گۆڕانکارییەکەی خستنەڕووی کاش لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بۆ بانکەکان نییە، چونکە ئەگەر بازاڕەکان پەیوەستی کاشی بانکی ناوەندی بووان، ئەمساڵ بە بڕی ئەو پارەیەی بە کاش کەمتر خراوەتەڕوو، دەبووایە نرخی دینار لەبەرامبەر دۆلار دابەزیبووایە.
هەروەها، بانکی ناوەندی بەهای دیناری عێراقی دیاریکردووە و دەبووایە هاوشێوەی وڵاتانی کەنداو بووایە نەوەکو ئەمەی ئێستا، کە نە لە بازاڕی ئازاد دەچێت وەک تورکیا، نە لە ئیمارات دەچێت کە دەوڵەت نرخەکەی لەبەرامبەر دۆلار دیاریکردبێت، بۆیەش هەر نەخۆشیەکی دابەزینی دیناری عێراقی لە بازاڕ بێتە ئاراوە، سیاسەتەکانی دارایی ئەمریکایە بەرامبەر عێراق، نەوەکو خستنەڕووی دۆلاری بانکی ناوەندی بە کاش بۆ بازاڕ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ