جەمال کۆچەر: پەسندکردنی یاسای نەوت و گاز خەونە و عێراق نابێتە خاوەنی ئەو یاسایە

28-02-2023
دانا عومەر
هەڤپەیڤینی جەمال کۆچەر لەگەڵ هەوراز گوڵپی
هەڤپەیڤینی جەمال کۆچەر لەگەڵ هەوراز گوڵپی
نیشانەکردن یاسای نەوت و گاز بودجەی عێراق جەمال کۆچەر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەکاتێکدا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوامن لە گفتوگۆکانیان سەبارەت بە پرۆژەیاسای بودجە، ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێی وایە عێراق نابێتە خاوەنی یاسای نەوت و گاز و پەسەندکردنی ئەو یاسایە خەونە.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند کێشەی سەرەکیی دواکەوتنی پڕۆژەیاسای بودجە، نیگەرانیی سوننەیە لەو بڕە پارەیەی بۆ پارێزگا سوننەنشینەکان دانراوە، دەشڵێت لە هەفتەی داهاتوودا پڕۆژەیاسای بودجە ئاڕاستەی پەرلەمان دەکرێت و، ئەگەر هەیە تاوەکو ناوەڕاستی مانگی نیسان یاساکە پەسند بکرێت.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ هەوراز گوڵپی، پێشکێشکاری رووداو کە ئەمڕۆ (سێشەممە، 28-2-2023)بڵاوکرایەوە، گوتی "هێشتا پڕۆژەیاسای بودجە ئاڕاستەی پەرلەمان نەکراوە، ناشزانین شاندی هەولێر و بەغدا لەسەر چی رێککەوتوون، بەڵام دەگوترێت پشکی کورد بە نزیکەی 14٪ دیاریکراوە"، دەشڵێت ئەگەر کورد بە کەمتر لە 14٪ رازیبێت "کارەساتە"، لەبەرئەوەی بەگوێرەی پسوولەی خۆراک، رێژەی کورد لە عێراق 14٪ـیە.
 
بەگوتەی جەمال کۆچەر چوار بەربەست لەبەردەم پڕۆژەیاسای بودجەدا هەن:
 
- یەکەم: پشکی کورد و پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان
- دووەم: پشکی سوننە و کەمی ئەو بڕە پارەیەی بۆ پارێزگاکانیان تەرخان کراوە.
- سێیەم: هەوڵەکانی لابردنی محەممەد حەلبووسی، لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لەلایەن بەشێک لە لایەنە شیعەکانەوە.
- چوارەم: ئەو شەڕەی کە لایەنەکان دەیکەن بۆ ئەوەی زۆرترین پارەیان لە بودجەدا دەستبکەوێت لە رێگەی ئەو پۆستانەی لە وەزارەتەکان وەریانگرتووە.
 
لەدوای ساڵی 2014 و بەهۆی چوونی داعش بۆ پارێزگا سوننەشینەکان بەتایبەتی پارێزگاکانی نەینەوا و ئەنبار، ئەو پارێزگایانە زیانی زۆریان پێگەشت، جەمال کۆچەر دەڵێت: "بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەموو پارێزگا سوننەنشینەکان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا نزیکەی 460 ملیار دینار تەرخانکراوە، بەڵام بۆ پارێزگا شیعەکان زیاتر لە تریلیۆنێک دینار تەرخانکراوە، ئەوەش نیگەرانی سوننەکانی لێکەوتووەتەوە".
 
بەگوتەی جەمال کۆچەر، بەشێک لە لایەنە شیعەکان هەوڵدەدەن دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە، محەممەد حەلبووسی لەسەر کار لادەن، ئەویش "بەهۆی ئەوەی داکۆکی تووند لە مافی سوننەکان دەکات و رێگرە لەوەی لایەنە شیعەکان ستەم لە سوننە بکەن".
 
رۆژی یەکشەممە 26-02-2023، شاندی هەرێمی کوردستان کە لە هەریەک لە ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و خالید چاوشلی، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوون لە بەغدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە.
 
بەگوتەی جەمال کۆچەر، شاندەکەی هەرێمی کوردستان هیچ زانیارییەکیان بە پەرلەمانتارانی کورد کە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق نەداوە و نازانن لەسەر چی رێککەوتوون. گوتیشی: "حکومەتی عێراق داوای رادەستکردنی داهاتی دەروازە سنوورییەکان دەکات و لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستانیش باسی رادەستکردنی نەوت و گازی سرووشتییان کردووە.
 
جەمال کۆچەر لەو باوەڕەدایە رەنگە هەردوولا لەسەر رادەستکردنی بڕێک لە گازی سرووشتی و دۆسیەی نەوت "رێکبکەون".
 
لەبارەی پڕۆژە یاسای نەوت و گازیش ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "لەوەتەی عێراق هەیە نەوتی هەیە، یاسای نەوتیشی نییە، بۆیە پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز خەونە و عێراق نابێتە خاوەنی یاسای نەوت و گاز."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمڕۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕیژەی 0.3٪ بەرزبووەوە

چوار رۆژە نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە؛ یەک ئۆنسە بە 2667 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا

نرخی زێڕ بۆ ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لە بەرزبووەنەوە، فراوانبوونی زیاتری جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، خواستی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ کڕینی کانزای زەرد زیادکردووە.