رووداو دیجیتاڵ
قەدەخەی هاوردەکردنی تەماتە بۆ هەرێمی کوردستان لە ئەمڕۆوە چووە واری جێبەجێکردنەوە. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، ئەگەر نرخ بەرزبێتەوە، خوێندنەوە بۆ بڕیاری قەدەخەکردنەکە دەکەن.
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (یەکشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "پێشتر نووسراوی قەدەخەکردنی هاوردەکردنی تەماتە کراوە و لە ئەمڕۆوە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە."
بڕیارەکە لەبەرژەوەندیی جووتیارانی نێوەڕاست و باشووری عێراق دراوە، بۆ ساخکردنەوەی تەماتەی ئەو پارێزگایانەی عێراقە.
زۆر جار لەکاتی قەدەخەکردنی هاوردەکردنی بەرهەمێکی سەوزە و میوە، نرخ بەرز دەبێتەوە. گوتەبێژی وەزارەتی کشتووکاڵ دەڵێت "چاودێریی بازاڕ دەکەین. ئەگەر نرخی تەماتە بەرزبووەوە، خوێندنەوە بۆ بڕیارەکە دەکەین، بەڵام پێناچێت بەرزبێتەوە چونکە تەماتەی عێراقی زۆرە."
هەر ئەمڕۆ سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "پێش بڕیاری قەدەخەکردن، کیلۆیەک تەماتەی بەسرە بە کۆ 450 دینار بۆ 500 دینار بوو، بەڵام دوو رۆژە گەیشتووەتە 650 دینار".
نرخی کیلۆیەک تەماتەی هاوردەکراوی ئێرانی 750 دینار بووە، ئەویش نزیکەی 200 دینار بەرز بووەتەوە. سەروەر عەلی گوتی: "تەماتەیەکی زۆری ئێرانی هاوردە کراوە و بۆیە نرخ زۆر بەرز نەبووەتەوە. پێشبینی دەکەین هەفتەی داهاتوو نرخ زیاتر بەرزبێتەوە"
بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی پێیوایە، تەماتەی عێراقی هێندە زۆر نییە پێداویستیی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش پڕبکاتەوە؛ گوتیشی "ئێستاش لە سلێمانییەوە تەماتەی ئێرانی بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەنێردرێت".
بەگوتەی سەروەر عەلی "بڕیارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، جووتیارانی عێراقیش لەکاتی پێگەیشتنی تەماتەی هەرێمی کوردستان بە گشتی و پێنجوێن بەتایبەتی، هاوردەکردن قەدەخە دەکەن لەپێناو ساخکردنەوەی بەرهەمی هەرێمی کوردستان".
لە هاویندا کە بەرهەمی تەماتەی هەرێمی کوردستان پێدەگات، هاوردەکردنی بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ