رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی رابردوو وەکو کاردانەوەیەک دژی هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر، ژووری بازرگانی و پیشەسازیى هەولێر داوای لە سەرجەم بازرگان و هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان کرد؛ بایکۆتی کاڵای ئێرانی بکەن. سەرۆکی ژوورەکە دەڵێت، چەند بازرگانێک بەدەم داواکەیانەوە چوون.
ژوورى بازرگانى و پیشەسازیى هەولێر 19ـی ئەم مانگە ئەو داوایەی لە بازرگانان و هاونیشتمانیان کرد، ئەمڕۆ (پێنجشەممە) گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژوورەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "داتامان بەردەست نییە، بەڵام بەدەمەوەچوون بۆ داواکەمان هەبووە و چەند بازرگانێک پەیوەندییان کردووە و گوتوویانە، بایکۆتی هاوردەکردنی کاڵای ئێرانی دەکەین".
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، بەگوێرەی بەدواداچوونیان لەگەڵ مارکێتەکان، بڕیارەکە لەلایەن بەشێکی هاونیشتمانیانیشەوە پێشوازی لێکراوە و بایکۆتی کاڵای ئێرانی کراوە.
بەگوێرەی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، لە ئێرانەوە کەرەستەی زۆر هاوردە دەکرێن، بۆ نموونە کەرەستەی بیناسازی و پیشەسازی، بابەتەکانی پاککردنەوە و پزیشکی و زۆری دیکە.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر دەڵێت، وڵاتی دیکەی (جێگرەوە) هەن بۆ ئەوەی ئەو پێداویستییانەی لێ هاوردە بکرێن کە لە ئێرانەوە دەهێندرێن، لەوانە ئوردن، تورکیا و سعودیە.
گەیلان حاجی سەعید گوتی: "چەند رۆژێکی کەمە ئێمە داواکەمان کردووە؛ تەنیا داوایە نەوەکو قەدەخەکردن؛ بازرگانان ئازادن، بازرگانیش هەیە پێشتر کەرەستەی کڕیوە و نەیهێناوەتەوە، یان کەرەستەی زۆری ئێرانی هێناوە ئێستا ناتوانێت بایکۆت بکات، بۆیە کاتی زیاتری دەوێت."
سێ رۆژ دوای داواکەی ژووری بازرگانیی هەولێر، ژووری بازرگانیی تاران رایگەیاند، داواکەی ژووری بازرگانیی هەولێر لەبارەی بایکۆتکردنی کەلوپەلی ئێرانی "زۆر جێگەی داخە."
ژووری بازرگانیی تاران رایگەیاند، "ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان لە ئەم ساڵی هەتاویدا نزیکەی سێ ملیار دۆلار بووە، نابێت هەنگاوێک بنێن زیان بە پەرەسەندنی پەیوەندیی ئابووریی نێوان هەردوو لایەن بگەیێنێت."
ژوورەکە داوای کرد، بازرگانانی هەرێمی کوردستان بەکارهێنانی کەلوپەلی ئێرانی بایکۆت نەکەن.
کاژێر 11:30 خولەکی شەوی 15-01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەک هێرشی کردە سەر شاری هەولێر، لە هێرشەکەدا ماڵی سەرمایەداری کوردستان پێشڕەو دزەیی کرایە ئامانج، بەو هۆیەوە چوار کەس لە ماڵەکەدا گیانیان لەدەستدا، لەنێویاندا پێشڕەو دزەیی و منداڵێکی 11 مانگی هەبوون، ئەوەش کاردانەوەی زۆری لە نێوخۆ و دەرەوە لێکەوتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ