رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دامەزراوەی بەرهەمهێنانی گەنمی ئێران دەڵێت، حکومەت بەڵێنەکەی بۆ پێدانی پارەی گەنمی جووتیاران جێبەجێ نەکردووە.
جووتیارانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران چەندین مانگە گەنمیان بە حکومەت فرۆشتووە و بڕیار بوو تاوەکو 22-9-2023 هەموو پارەکەیان وەربگرن، بەڵام تاوەکو ئێستا بەشێکی پارەکە نەدراوە.
محەممەد عەلی نیکبەخت، وەزیری کشتوکاڵی ئێران، چەند هەفتەیەک لەمەوبەر گوتی، "ئەم ساڵ 10 ملیۆن و 319 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران کڕدراوە کە پارەکەی دەکاتە 154 تریلیۆن و 800 ملیار تمەن (نزیکەی 3 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار). 110 تریلیۆن تمەن (2 ملیار و 250 ملیۆن دۆلار)ی دراوە".
عەلی قولی ئیمانی، بەڕێوەبەری دامەزراوەی بەرهەمهێنەرانی گەنمی ئێران رۆژی 23.09.2023 گوتی، ئەوەی دابەشکراوە تەنیا ئەو 110 تریلیۆن تمەنەیە و هیچ پارەیەکی دیکە بە جووتیاران نەدراوە.
سەبارەت بە هۆکارەکەی، حەمید ئەمانی، بەرپرسی بودجەی رێکخراوی پلاندانانی ئێران دەڵێت، "پێشبینی دەکرا 8 ملیۆن و 500 هەزار تۆن گەنم بەرهەم بێت و بۆ کرینی ئەو بڕەش کەمتر لە 100 تریلیۆن تمەن پارە پێویست بوو".
پێنەدانی پارەی گەنم بووەتە هۆی ناڕەزایەتی جووتیاران. ئەوان لەلایەک قەرزداری بانکەکان و ئەو لایەنانەن کە کەرەستە و پێداویستی کشتوکاڵیان لێیان کڕیوە؛ لەلایەکی دیکەش وەرزی چاندنەوەی گەنم نزیکبووەتەوە و دەبێت تۆو و پەینی کیمیایی و پێداویستییەکانی دیکە دابین بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ