رووداو- هەولێر
بەرپرسێکی وەزارەتی کار و کاروبارى کۆمەڵایەتی دەڵێت بەهۆی قەیرانی داراییەوە، رێژەى بێکارى لە کوردستان 2.5% زیادى کردووە.
بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمى کوردستان، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان پێنج ملیۆن و 472 هەزار کەسە، لەوانە 39.8%یان کە تەمەنیان 15 بۆ 65 ساڵە خاوەنی کارن کە دەکاتە دوو ملیۆن و 178 هەزار کەس، لەم ژمارەیەش 51%یان لە کەرتی گشتی کار دەکەن.
عارف حیتۆ، بەڕێوەبەرى گشتى کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى دەڵێت "بەهۆی قەیرانی دارایی، وەستانی کار لە زۆربەی پرۆژەکانی وەبەرهێنان و بەڵێندەرایەتى، دواکەوتنی مووچە و وەستانی پێشینەکان، رێژەى بێکارى بەرز بووەتەوە، بە جۆرێک لە ساڵى 2013دا رێژەى بێکارى 6.5% بوو، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە 9%، واتە بەڕێژەى 2.5% زیادى کردووە".
ئەگەر رێژەی بێکاری وەک ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کار باسى دەکات 9% بێت، کەواتە 169 هەزار کەس لە کوردستان بێکارن.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، ساڵى رابردوو 6.859 کەس وەک بێکار ناویان لە سەنتەرەکانی دۆزینەوەی کار تۆمار کردووە. لەم ساڵەشدا وەزارەتی کار 5.558 دەرفەتی کاری دۆزیوەتەوە.
عارف حیتۆ، دەڵێت "لەو ژمارە بێکارەی خۆیان ناونووس کردبوو لەساڵی رابردوودا، 2330 بێکارمان هەڵبژارد بۆ کار، بەڵام 69%ى ئەو بێکارانەى داوای کاریان کردبوو، دوای ئەوەی تەلەفۆنمان بۆ کردن ئامادە نەبوون بچنە سەرکار".
لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 1492 کەس خۆیان وەک بێکار لە سەنتەرەکان تۆمار کردووە، وەزارەتى کاریش 2015 دەرفەتى کارى دۆزیوەتەوە و پەیوەندى بە 1364 بێکارەوە کردووە، بەڵام تەنیا 140 کەسیان کارەکەیان بەدڵ بووە و چوونەتە سەر کار.
هەنگاو عەبدوڵڵا خان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای یەکێتی سەندیکاکانی کرێکاران، نهێنی رازینەبوون و رەتکردنەوەی ئەو دەرفەتى کارانەی کە وەزارەتی کار بۆ بێکارانی دەدۆزێتەوە، ئاشکرا دەکات و دەڵێت "ئەو دەرفەتى کارانە کرێکەیان بە بەراورد بەنرخی بازاڕ زۆر کەمە، بۆیە بێکاران پێى رازى نابن".
بەڵام عارف حیتۆ ئەو بۆچوونە رەتدەکاتەوە دەڵێت "لە لێکۆڵینەوەماندا بۆمان دەرکەوت ئەوانە زۆربەیان کارێکی دیکەیان هەیە، یان بەدوای کارێکی نووسینگەیی بە پارەیەکی زۆر باشدا دەگەڕێن، بۆیە بە کارەکانى ئێمە رازى نین".
بەپێى قسەى عارف حیتۆ، کەمترین نرخى کرێى ئەو کارانەى ئەوان بۆ بێکارانى دەدۆزنەوە، مانگانە 285 هەزار دینارە. ئەمەش کەمترین مووچەى فەرمانبەرێکى تازە دامەزراوە.
"ئامارەکانیان راست نین"
هەرچەندە هەنگاو عەبدوڵڵاخان ئامارێکى دروستى لەبارەى رێژەى بێکارى لە کوردستان لەبەردەست نییە، بەڵام پێیوایە ئەو داتا و ئامارانەی وەزارەتەکانى کار و پلاندانان لە بارەی رێژەی بێکاری بڵاوی دەکەنەوە "راست نین" و ژمارەکە زیاترە لەوەى ئەوان بڵاوى دەکەنەوە.
هەنگاو عەبدوڵڵا دەڵێت "قەیرانی دارایی نەک هەر دەرفەتی کاری کەم کردووەتەوە، بەڵکو کرێی کاریشی کەم کردووەتەوە، بۆ نموونە دوو ساڵ لەمەوبەر کرێى رۆژانەى کرێکار 40 – 50 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا بە 20 – 25 هەزار دینار کارى دەستناکەوێ".
بەپێی رووپێوییەکى دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان کە بە هاوکاریی دامەزراوەی (RAND) ی ئەمەریکی بۆ دیاریکردنی رێژەی هێزی کار و بێکاری لە هەرێمی کوردستان لەساڵی 2012 کرا، دەرکەوت رێژەى بێکارى 7.9%یە، بەڵام لە ساڵى 2013 دا رێژەکە بۆ 6.5% دابەزى.
سیروان محەممەد محێدین، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان بە (رووداو)ى گوت "ساڵی رابردوو بەهۆی قەیرانی دارایی و بڕینی بودجەی کوردستان لەلایەن بەغدا و هێرشی داعشەوە، کەمێک لە پرۆژەکان وەستان، بەمەش رێژەى بێکارى بۆ 6.54% بەرز بووەوە".
سەبارەت بە رێژەی بێکاری لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا، سیروان محەممەد دەڵێت "ئامارم لەبەردەست نییە، رێژەکە کەمێک بەرز بووەتەوە، بەڵام ئەو ژمارانەى لەبارەى رێژەى بێکارى لە کوردستان بڵاودەکرێنەوە، زانستى نین و راستیش نین".
دەستی کاری بیانی زیادی کردووە
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، لە ساڵی 2014 و شەش مانگى یەکەمى ئەمساڵدا 13 هەزار و 242 کرێکارى بیانى بە مۆڵەتى وەزارەتى کار هێنراونەتە کوردستان.
عارف حیتۆ، دەڵێت "بۆ زیاتر رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ کرێکاری خۆماڵی، رێنماییەکانی هێنانی کرێکاری بیانیمان زۆر توند کردووە، بۆ نموونە کۆمپانیایەک بیەوێت کرێکار بۆ کارێک بهێنێ، دەبێت بۆ ماوەی 15 رۆژ لە رۆژنامەیەکی فەرمیی رۆژانە جۆری کار و پسپۆڕی و ئەو مووچەیەی لەبری کارەکە دەیدات، بڵاو بکاتەوە. ئەگەر لەو ماوەیەدا یەک کرێکاری خۆماڵی ئامادە بێت بەو مەرجانە کار بکات، ئێمە مۆڵەتی هێنانی کرێکارى بیانى بە کۆمپانیاکە نادەین".
گوتیشی "هەندێ کار هەیە کرێکاری ناوخۆ بەهۆی کولتوور و دابونەریت ئامادە نییە بیکات، هەندێ پسپۆڕیی تایبەتیش هەن کە ئێمە لە کوردستان نیمانە یان کەممان هەیە، بۆیە ناچارین رێگە بە هێنانی کرێکاری بیانی بدەین".



