رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی ئەمریکا مامەڵەکردنی بە دۆلار لە 14 بانکی عێراقی قەدەخە کرد، بەهای دینار دابەزی. ئەمڕۆ 100 دۆلار بە 151 هەزار و 250 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت. گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی دەڵێت، قەدەخەکردنی مامەڵەی دۆلاری ئەو بانکانە لە بەرژەوەندی دیناری عێراقی دەشکێتەوە.
رۆژی شەممە 22ـی تەممووزی 2023، جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ 100 دۆلار بە 151 هەزار و 250 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت. پێم وایە چەند رۆژێک لەم دۆخەدا دەمێنێتەوە."
هۆکاری دابەزینی بەهای دینار دەگەڕێتەوە بۆ بڕیارێکی ئەمریکا کە 19ـی ئەم مانگە مامەڵەکردن بە دۆلاری لە 14 بانکی عێراقی قەدەخە کرد و بەوە تۆمەتباری کردوون کە دۆلاریان بۆ ئەو وڵاتانە ناردووە کە سزای ئەمریکایان لەسەرە.
جەبار گۆران گوتی، "قەدەخەکردنی مامەڵەی دۆلار لەگەڵ ئەو بانکانە دواجار لە بەرژەوەندی دیناری عێراقی دەبێت و بەهای دینار بەرز دەبێتەوە. خۆی هەموو ئەو کۆمپانیایانە پشکیان لە بانکی ناوەندی کەم بووە و 1.6%بووە."
پێش بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ قەدەخەی ئاڵوگۆڕی دراو لەگەڵ ئەو 14 بانکەی عێراقدا، 100 دۆلار لە دەروربەری 148 هەزار دیناردا مامەڵەی پێوەدەکرا.
هەرچەندە بانکی ناوەندیی عێراق 100 بۆ دۆلار بە 131 هەزار دینار دەفرۆشێت، بەڵام نەیتوانیوە بەهای دینار لە بازاڕەکاندا بەرامبەر بە دۆلار بەرزبکاتەوە.



