راوێژکاری دارایی سوودانی: لە ساڵی نوێدا هیچ گۆڕانکارییەک لە بەهای دینار روونادات

21-12-2023
محەممەد شێخ فاتیح
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، ساڵی داهاتوو هەموو مامەڵەیەکی نێوخۆی بە دینار دەبێت، نرخی فەرمی دۆلاریش جێگیرە و دەستکاری ناکرێت و دۆلاری کاش بەشی پێویست هاوردە دەکرێت. دەشڵێت، ئێستا سەکۆی ئەلیکترۆنی بۆ پێدانی دۆلار 85٪ـی داواکاری بازرگانان پەسند دەکات.
 
مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بووڵتنی ئابووری رووداو لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ محەممەد شێخ فاتح کە رۆژی پێنجشەممە 21-12-2023 پەخشکرا رایگەیاند، نرخی دۆلار لە عێراق لەسەر کۆمەڵێک فاکتەر وەستاوە کە گرنگترینیان پەیوەندی نێوان وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندیی عێراقە،  لە بنەڕەتدا دیاریکردنی نرخەکە بەپێی گرێبەستێکی نێوان وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی عێراقە. سەرچاوەی سەرەکیی یەدەگی دراوی بانکی ناوەندی لەو رێگەیەوە پشتیوانی نرخی دۆلار دەکات و دەستوەردان لە بازاڕ دەکات داهاتی نەوتە. وەزارەتی داراییش رۆڵی لە دیاریکردنی نرخی دۆلار هەیە بۆ مەبەستی بودجە. بۆیە نرخەکە بە سازانی نێوان سیاستەی دراو و سیاسەتی دارایی دیاریکراوە. زۆر کەس ئەمە نازانێت، بەڵام ئەمە راستییەکەیە، بۆیە بەبێ سازانی نێوان سیاسەتی دراو و  دارایی عێراق گۆڕانکاریی بەسەر نرخی دۆلار نایەت. ئێستا کە هەر دۆلارێک بە 1320 دینار دیاریکراوە و لە بودجەی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 جێگیرکراوە. کاریگەری بازاڕی هاوتەریب 10٪یە لەسەر ئابووری وڵات. 
 
ئێستا دوو دراو لە عێراق هەیە کە دینار و دۆلارە، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق پێیوایە بەم شێوەیە سەقامگیربوونی نرخ سەخت دەبێت، هەر وڵاتێک ئەگەر بیەوێت رێز لە سەروەری خۆی بگرێت نابێت بە دوو دراو مامەڵە بکات، دراوی بیانی ئامانجەکەی بۆ مامەڵەی دەرەکییە نەک نێوخۆی وڵات. ئەگەر بەم شێوەیە بێت هیچ سیاسەتێکی دراو ناتوانێت کۆنترۆڵی نرخی دینار و دۆلار بکات. 
 
سەبارەت بە هاوردەکردنی دۆلاری کاش و رەزامەندی ئەمریکا لەسەری، مەزهەر محەممەد ساڵح گوتی گەنجینەی ئەمریکا رەزامەندی داوە لەسەر هەناردەکردنی دۆلار بۆ عێراق، ئەوەش زیاتر دەدرێتە ئەوانەی گەشت دەکەن، ئێستا دابەشکردنی دۆلار ملەکەچی ئەم بنەمایەیە کە بۆ گەشتی دەرەوە بەکاردێت و دەبێت ئەو کەسە ناوی خۆی تۆمار بکات و کارت بەکاربهێنێت.  لە داهاتووش دراوی دیکەش دێت وەک یۆرۆ، درهەمی ئیماراتی، لیرەی تورکی و ریاڵی سعودی.
 
مەزهەر محەممەد ساڵح زیاتر روونیکردەوە، "رێگەدانی ئەمریکا بە هاوردەکردنی دۆلار لەلایەن عێراقەوە سنووری خۆی هەیە و کراوە نییە، چونکە پارەی کاش تەمومژاوییە، ئەمریکا دەزانێت عێراق پێویستی بە چەند دۆلارە، دەیانەوێت بزانن ئەو دۆلار دەدرێتە کێ و دەبێت ناسراو بێت کە ئەمە فڵانە کەسە، گەشتی دەرەوە دەکات و پێویستی بە بڕە دۆلارێکە."
 
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیران ئاشکرای کرد، ساڵانە عێراق نزیکەی 45 ملیار دۆلار دەفرۆشێت کە نزیکەی 15٪ دۆلاری کاشە، کە بۆ پێویستی گەشتی دەرەوەیە و ئەوەی دیکە بە کارت دەبێت، کە پێشتر خەڵک ئەمەی بەکارنەدەهێنا، دەبێت پرۆسەکە رێک بخرێت، نەک هەڕەمەکی بێت و پێیویستە بە رێککەوتن بێت.  
 
لەبارەی ئەوەی لە 01-01-2024 دەبێت مامەڵەکردن تەنیا دیناربێت، راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی گوتی، "مامەڵەی نێوخۆیی دەبێت بە دینار بێت، کرێ، مامەڵە و موچە. مامەڵەی دەرەکی بە دراوی بیانی دەبێت، کە نرخەکەی جێگیرکراوە، هیچ وڵاتێک نییە کە رێز لە خۆی بگرێت، دوو جۆری دراو بەکاربهێنێت، ئەمە پەیوەندیبە سەروەریی نیشتمانییەوە هەیە، دەبێت مامەڵەی نێوخۆی بە دینار بێت. مامەڵەکردن بە دراوی دیکە جگە لە دینار پێشلکاردنی یاساییە."

 

 
راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوەکردەوە، "ساڵی داهاتوو بەکارهێنانی دۆلار لە مامەڵەی نێوخۆیی بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە، هەموو گرێبەستەکانی نێوخۆ دەبێت بە دینار بێت، بۆ نمونە کڕینی ئۆتۆمبێل و خانووبەرە و هەر کاڵایەک دەبێت بە دینار بێت. ئەوەی سەرپێچی بکات رووبەڕووی لێپرسینەوەی دادگە دەبێت، ئەمە بە پێشلکردنی سەروەریی دراوی نیشتمانی دادەنرێت و دەوڵەت قەدەخەی کردووە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی قەدەخەی سەر بانکەکان بۆ مامەڵەکردن بە دۆلار، مەزهەر محەممەد ساڵح رایگەیاند، "گەنجینەی ئەمریکا 14 بانکی قەدەخە کردووە کە مامەڵە بە دۆلار بکەن، پێشتریش 4 بانکی دیکەی قەدەخە کردبوو. پشتیوان بەخوا ئەمە چارەسەر دەکرێت، ئەم بانکانە دەگەڕێنەوە کاری خۆیان بۆ مامەڵەکردن بە دۆلار."
 
 
هەروەها گوتی، بانکی ناوەندی لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ گەنجینەی  فیدراڵیی ئەمریکا، ئەگەر هەموو رۆژێک نەبێت، ئەوا هەموو هەفتەیەک پەیوەندیان هەیە، بۆیە پەیوەندی و لێکتێگەیشن لەنێوان هەردوولا هەیە. 
 
سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ سەکۆی ئەلیکترۆنی بۆ کڕینی دۆلار لەلایەن بازرگانانەوە، مەزهەر محەممەد ساڵح گوتی، ئێستا سەکۆی ئەلیکترۆنی 85٪ داواکاری بازرگانان پەسند دەکات و 15٪ رەتدەکاتەوە ئەویش بەهۆی ئەوەیە ئەو بازرگانانە زانیارییەکان بە تەواوی پڕناکەنەوە لە نێو، ئیمەیڵ و زانیارییەکانی دیکە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە