رووداو-هەولێر
هەرێمی کوردستان بووەتە یەکێک لەو شوێنانەی حکومەتی ئێران چاوی لێیەتی تاوەکو لەڕێگەی هەناردەکردنی کاڵا و بەرزکردنەوەی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی بەشێک لە گوشاری گەمارۆکانی ئەمریکای پێ کەمبکاتەوە.
سەرەڕای ئەوەی بازرگانەکان گلەییان لە کوالێتی شتومەکی ئێرانی هەیە، 70%ـی کاڵای ئێرانی لە بازاڕەکانی سلێمانی ساخدەبێتەوە، چونکە بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە بەهای تمەنی ئێرانی دابەزیووە و نرخیان بەراورد بە کاڵا و شمەکی تورکیا هەرزانترە.
محەممەد ئەکرەم، بازرگانە و باس لەوە دەکات، ئێستا مامەڵە لەگەڵ ئێران ناکات و کاڵا و کەلوپەلی تورکی دەکڕێت، لەبەرئەوەی کوالێتی باشە، ئەو کاڵایانەی ئێران بۆ هەناردە دروستی دەکات، کوالێتییەکەی جیاوازە لەوەی بۆ ناوخۆ دەیکات.
ئێستا ئێران لە ھەموو کات زیاتر پێویستی بە ھەرێمی کوردستانە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی، چونکە بەھۆی بێبەھابوونی تمەن و کاریگەری لەسەر ئابووری ئێران، بازرگانەکان دەیانەوێت بازاڕی خۆیان لەگەڵ بازاڕی ھەرێمی کوردستان گەرم بکەن.
هاوکات پارێزگاری ھەمەدان رایدەگەیێنێت وڵاتەکەی ھەموو ئاسانکارییەک بۆ بازرگانەکانی ھەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی کاڵاکانی ئێران لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان ساخبکەنەوە.
لە ساڵی رابردوو ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاتر لە شەش ملیار دۆلار بووە، ئەو بڕە پارەیە بۆ ئەو وڵاتە لەم دۆخە ئابووریەی تێی کەوتووە دەتوانێت یارمەتیدەرێکی باش بێت.


