جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز: تورکیا داوای کرێی سێ مانگی بۆریی نەوت دەکات

21-06-2023
ئەحمەد حەمید
نیشانەکردن هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی نەوتی عێراق بە شاندی تورکیای راگەیاندووە، ئامادەن هەموو ئاسانکارییەک بکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی تورکیا دەڵێت لە بۆرییەکەدا هەن. دەشڵێت، تورکیا داوای کرێی سێ مانگی رابردووی بۆریی نەوتی کوردستان دەکات.
 
رۆژی 25ـی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک دوای بڕیارێکی دوو رۆژ پێشی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، راگیرا. دادگەکە لەسەر سکاڵای عێراق لە دژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا و لەسەر بنچینەی ئەو بڕیارەش هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا و تورکیا رایگەیاند، بەو بڕیارە پابەند دەبێت. تائێستاش هەناردەکردن دەستی پێنەکردووەتەوە.
 
رۆژی سێشەممە 20-3-2023 شاندێکی وەزارەتی وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئامادەبوونی نوێنەری هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوە، بەپێی زانیارییەکانی رووداو لە کۆبوونەوەکەدا لایەنی عێراقی و تورکی نەگەیشتنە رێککەوتن.
 
نەهرۆ مەحموود، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: شاندی تورکیا گوتیان هەندێک گرفتی تەکنیکی هەیە و بەهۆی ئەوەی ماوەیەکە هەناردەی نەوت راگیراوە، بۆرییەکە زیانی پێگەیشتووە، بۆیە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان دەستپێنەکردووەتەوە. 
 
بەگوتەی جێگری سەرۆکی لێژنەی نەوت و گاز، حکومەتی عێراق ئامادەیی نیشانداوە بۆ هاوکاریکردنی تورکیا لە چارەسەکردنی گرفتە تەکنیکییەکان و عێراق بە نووسراوی فەرمی ئەو پێشنیازە دەداتە تورکیا کە ئامادەیە تیم بۆ چارەسەرکردنی گرفتی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان بنێرێت، عێراق دەیەوێت گرفتی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت و هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە.
 
نەهرۆ مەحموود، دەڵێت: لە کۆبوونەوەی شاندی تورکیا و وەزارەتی نەوتی عێراق و نوێنەری هەرێمی کوردستان، تورکیا بە هیچ جۆرێک داوای نەکردووە لەو بڕە پارەیە خۆشببن کە دادگەی پاریس بەسەر تورکیادا سەپاندوویەتی، بەڵام داوای کردووە عێراق پارەی ئەو چەند مانگەی بۆریی نەوت بە تورکیا بدات کە هەناردەی نەوت راگیراوە.
 
لە 25ـى ئادارەوە هەناردەى نەوتى هەرێمی کوردستان بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا راگیراوە، کە رۆژانە زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوت بوو، ئەوەش جگە لە راگرتنى هەناردەى رۆژانەى 75 بۆ 85 هەزار بەرمیل نەوتى کەرکووک کە بە هەمان رێگە هەناردە دەکرا.
 
راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان و کەرکووک، مانگانە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار زیان بە هەرێمی کوردستان و عێراق دەگەیێنێت، هەروەها لە ماوەى نزیکەی سێ مانگى راگرتنى هەناردەى نەوتەکە، زیانى زیاتر لە 70 ملیۆن دۆلارى لە تورکیاش داوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە