رووداو دیجیتاڵ
تەقینەوکانی شاری ئیسفەهان لە ئێران نرخی نەوتیان زیاتر لە دۆلارێک بەرزکردەوە. گومان دەکرێت تەقینەوەکان هێرشی ئیسرائیل بووبێت.
ئەمڕۆ هەینی، 19-4-2024، نرخی نەوتی برێنت دۆلارێک و 40 سەنت بەرزبووەوە، گەیشتە 88 دۆلار و 51 سەنت. نرخی نەوتی تێکساسیش دۆلارێک و 38 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 83 دۆلار و 48 سەنت.
چەند سەرچاوەیەکی ئەمریکی بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاندووە، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر ئێران.
میدیای ئێرانیش دەڵێت، سێ درۆن لە نێوەڕاستی شاری ئیسفەهان خراونەتە خوارەوە.
کێلڤین وۆنگ، شارەزای بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای OANDA دەڵێت: "زیادبوونی مەترسییە جیۆسیاسییەکان لەم کاتەدا ژینگەیەک دەخولقێنێت کە لانیکەم لە مەودای کورتخایەندا مەترسیی پچڕاندنی دابینکردنی نەوت دروستدەکات".
یون رۆنگ یێپ، شارەزای ستراتیژیی بازاڕیش لە دامەزراوەی IG دەڵێت: "گرژیی زیاتر بەو واتایە دێت کە هێرشی تۆڵەی نێوان هەردوولا [ئێران و ئیسرائیل] ماوەیەکی زیاتر دەخایەنێت".
ئەو شارەزایە دەڵێت، هێرشێکی پێچەوانەی ئێران "دەبێتە مەترسیی گەورە لەسەر فراوانبوونی ململانێکە بۆ ململانێیەکی هەرێمی. رەنگە ئەوەش سەرەنجام بەشێک لە دابینکردنی نەوت بخاتە مەترسییەوە. لە هەمانکاتدا ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت".
رۆژی شەممە، 13-4-2024، لە وەڵامی هێرش بۆ سەر باڵەخانەی کۆنسوڵخانەکەی لە دیمەشق، ئێران بە زیاتر لە 300 مووشەکی بالیستی، کرووز و درۆن هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. هێرشەکانی زیانی ئەوتۆیان نەبوو و زۆرینەیان لەلایەن ئیسرائیلەوە خرانە خوارەوە.
هێرش و ناکۆکییەکانی ئێران و ئیسرائیل بوونەتە جێگەی نیگەرانیی وەبەرهێنەر و بازرگانان. ئێران رۆژانە زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و زۆرینەی هەناردە دەکات. هەر هەڕەشەیەک کە کاریگەریی لەسەر نەوتی ئێران دابنێت، کاریگەریی لەسەر بازاڕی نەوت و نرخەکەی دەبێت.
لە دوو رۆژی رابردوودا و بەهۆی خاوبوونەوەی گرژییەکانەوە، نرخی بەرمیلێک نەوت 4 دۆلار دابەزیبوو. بەرمیلێک نەوتی برێنت بە کەمتر لە 86 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ