رووداو دیجیتاڵ
سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندامانی کۆمەڵەی هاوئاهەنگیی ئابووریی وڵاتانی ئاسیا و ناوچەی زەریای هێمن، ناسراو بە (ئەیپێک) لە شاری سانفرانسیسکۆی ئەمریکا کۆبوونەوە. ئیدارەی بایدن چاوی بڕیووەتە ئەو 21 وڵاتە بۆ بەهێزکردنەوەی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، "لەمێژە دەڵێم ئەمریکا، هێزی وڵاتانی ناوچەی زەریای هێمنە. لە کۆبوونەوەکەم لەگەڵ سەرۆک شی، پرسیاری کرد کە ئایا لەو ناوچەیە دەمێنینەوە، منیش وەبیرم هێنایەوە کە ئێمە بۆ هەمیشە لەگەڵ وڵاتانی پاسفیکین، چونکە ئێمە بۆ خۆمان وڵاتێکی پاسفیکین و بەهۆی ئێمەشەوە رێگەدراوە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە گەشە بکات".
پاسفیک واتە زەریای هێمن، کۆمەڵەی پاسفیک واتە ئەو وڵاتانەی بە دەوری زەریاکەدا بڵاوبوونەتەوە.
کۆمەڵەی ئەیپیک لە ساڵی 1989 دامەزراوە و لووتکەی سانفرانسیسکۆ 30ـەمین لووتکەی کۆمەڵەکە بوو.
وڵاتانی ئەندامی ئەیپێک، بەبەهای ملیارێک و 700 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانیان لە ئابووریی ئەمریکادا کردووە و هەلی کاریان بۆ لانیکەم دوو ملیۆن و 300 هەزار ئەمریکی رەخساندووە. لە بەرامبەردا کۆمپانیا ئەمریکییەکان، بایی 1 ترلیۆن و 400 ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لە ئابووریی وڵاتانی ئەیپێک کردووە.
شی جینپینگ، سەرۆکی چین دەڵێت، "جیهان پێویستی بە چین و ئەمریکایە پێکەوە کار بکەن لەپێناو داهاتوویەکی باشتر. ئێمە کە گەورەترین وڵاتین و لە گەشەکردنداین، لەگەڵ گەورەترین وڵاتی گەشەکردوو کە ئەمریکایە، دەبێت پێکەوە هەڵبکەین".
بەگوێرەی ئاماری حکومەتی ئەمریکا، 60٪ی هەناردەی ئەمریکا بۆ وڵاتانی ئەندام لە ئەیپێک دەچێت و کۆمپانیاکانی ئەمریکاش گەورەترین سەرچاوەی ئابووریی وڵاتانی کۆمەڵەکەن.

