prev
next
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان دەڵێت، حکومەتی عێراق بازرگانانی هەرێمی کوردستانی ناچار کردووە، هەر کاڵایەک هاوردە بکەن تەنیا 72 کاژێر رێگەیان پێدەدرێت بیبەنە نێوەڕاست و خوارووی عێراق.
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیارەکە لە ئۆکتۆبەری پارەوە دراوە، هەر بارزگانێکی هەرێمی کوردستان کاڵا هاوردە بکات و بیەوێت بیباتە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، دەبێت لەماوەی 72 کاژێردا بگەیێندرێت".
بە گوتەی مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، بڕیارەکەی حکومەتی عێراق زیانی بە بازرگانانی هەرێمی کوردستان گەیاندووە. لەبارەی هۆکارەکەشی دەڵێت: "ئێستا بەجۆرێکە؛ بازرگان هەرشتێک هاوردە بکات باڕکۆدێکی لە دەروازەکان لێدەدرێت و دەبێت رێککەوتی باڕکۆدەکە و ئەوکاتەی دیاریکراوە بەسەرنەچێت، ئینجا دەروازەکانی عێراق رێگەی بردنی دەدەن، ئەوەش وایکردووە بازرگانانی ئێمە بچن لە کەرکووک، موسڵ و ناوچەکانی دیکە شوێنی کۆگاکردنی بەرهەمەکانیان دابنێن".
زۆرینەی ئەو بەرهەمانەی لە تورکیا و ئێران، یان بەرهەمی وڵاتانی دیکەن و لە رێگەی ئەو دوو وڵاتە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراقن، پێشتر بازرگانان لە هەرێمی کوردستان بەرهەمەکانیان کۆگا دەکرد و بەگوێرەی پێویستی هەناردەیان دەکرد، ئیستا دەبێ دەستبەجێ بیگەیێننە ناوچەکانی حکومەتی عێراق، بۆ ئەوەی لە کێشەی کات و گومرگ بەدوور بن.
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی ئەو 72 کاژێرەی داوا کراوە بازرگان یەک گومرگ دەدات، ئیتر بۆ دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بێت یان دەروازەکانی ئێران.
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان گوتی: "بەهۆی بڕیارەکەی حکومەتی عێراقەوە هاوردەی بازگانانی هەرێمی کوردستان بە رێژەی بەرچاو کەمیکردووە، چونکە ئێستا بەشێکی کاڵاکان بۆ رزگاربوون لەو کۆت و بەندانەی دانراوە، راستەوخۆ لە بەسڕەوە دەبرێنە پارێزگاکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق".
هەر ئەمڕۆ، رائید عەلی، کە بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی گواستنەوەیە و بەرهەمی هاوردە لە هەرێمی کوردستانەوە دەبنە نێوەڕاست و خوارووی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە بە 72 کاژێرەکە رازین، بەڵام شەوی شەممە بارمان ناردووە بۆ رێگەی بەنداوی مووسڵ بازگەکە رێگەی چوونیان نەداوە تاوەکو کاژێر هەشتی شەوی یەکەشەممە، بۆیە کێشەکان زیاتر سیاسین لەوەی یاسایی بن. ئێستاش رێگەکە کراوەیە بەگوێرەی مەرجەکان، جا نازانین شەو جارێکی دیکە دابخرێتەوە".
رائید عەلی گوتی، بەدواچوونی لەگەڵ بەرپرسانی دەروازەی بەنداوی موسڵ کردووە و گوتویانە، رێنوێنی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق جێبەجێ دەکەن. گوتیشی: "هۆکارەکە زیاتر بۆ ئەوەیە هاوردە ببرێتە ئەو سنوورانەی دەکەونە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق، بەتایبەت ئێستا دەنگۆی کردنەوەی رێگەی رەبیعە بۆ عێراق هەیە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ