ئابووری
دوو خانەنشین لەکاتی چاوەڕوانی بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان، وێنە لە راپۆرتێکی ڤیدیۆیی رووداو وەرگیراوە
رووداو دیجیتاڵ
سبەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 10ـی ئەم ساڵ دەستپێدەکات. بەڕێوەبەری خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی دەڵێت: ئەم مووچەیەش بە هاوتانەکراوی دابەش دەکرێت.
مانگی تەممووزی ئەم ساڵ، بۆ یەکەمجار خانەنشینانی شارستانیی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو، بەهاوتاکراوی مووچەیان وەرگرت، بەڵام هاوتاکردنەکە تاوەکو ئەمڕۆ خانەنشینانی سەربازیی نەگرتووەتەوە.
شێخ عەزیز عەلی، بەڕێوەبەری خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی ئەمڕۆ (دووشەممە، 16-12-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "مووچەی مانگی 10ـش هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو بەگوێرەی یاسا کۆنەکە دەبێت و، هاوتا نەکراوە."
دوێنێ، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سێشەممە دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 دەستپێدەکات.
بەڕێوەبەری خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی دەڵێت "هاوتا وەرنەگرتنی مووچەی خانەنشینانی سەربازی، بە بڕیاری وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان راگیراوە و بە بڕیاری ئەوانیش جێبەجێ دەکرێت."
نێوەڕۆکی کێشەکان:
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022، حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی پابەند کرد، بەڵام تاوەکو مووچەی مانگی تەممووزی ئەمساڵ جێبەجێ نەکرا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هاوتانەکردنی مووچەی خانەنشینانیی سەربازی بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی عێراق، پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە و عێراق هاوتاکردنەکەی رەتنەکردووەتەوە.
بەگوێرەی یاسا نوێیەکەی عێراق، ئەوانەی پێش ساڵی 2014 خانەنشین کراون، مووچەیان لە 200 تاوەکو 499 هەزار بێت، دەبێتە 500 هەزار و 100 هەزاری پشتیوانیش (مینحە) وەردەگرێت و دەبێتە 600 هەزار دینار.
هەروەها ئەوانەی مووچەیان لە 600 بۆ 999 هەزار دینارە، 100 هەزاری پاڵپشتی بۆ زیاد دەکرێت ئەویش بەگوێرەی هاوتاکراوییەکە.
مووچەی کێ کەم دەکات؟
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، ئەوانەی لە دوای 2014ـەوە خانەنشین بوون، زیاتر ئەوانەن لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەکانی 70 و 80ـن، ئێستا چەند دەرماڵەیەکیان هەیە، لەوانە دەرماڵەی مەترسی، ژن و منداڵ، بڕوانامە. ئەم دەرماڵانە لە یاسای هاوتاکراویدا نین. تەنیا دەرماڵەی بڕوانامە هەیە، کە ئەوانەش جیاوازییان زۆرە.
ئەوانەی لە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینی زیانمەندن و دژی هاوتاکردنن، پلەباڵاکانن کە لە پلەی لیوا کەمتریان تێدا نییە.
خانەنشینانی سەربازی تاوەکو پلەی نەقیب لە پاڵپشتیی مووچەی هاوتاکراو سوودمەند دەبن. لە پلەی رائید، موقەدەم و عەمید مووچەکەیان گۆڕانکاری بەسەردا نایەت.
ئێستا لە هەرێمی کوردستان مووچەی خانەنشینی پلەی نەقیب 999 هەزار دینارە و لە هاوتاکردندا 100 هەزاری پاڵپشتیی دەچێتە سەر، بەڵام پلەی رائید خانەنشینییەکەی نزیکەی ملیۆنێک و 180 هەزار دینارە و تاوەکو عەمید زیاتر دەبێت و لە هاوتاکردن سوودمەند نابن.
بۆچی لیواکان زیان لە هاوتاکردنەکە دەکەن؟
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئێستا پلەی لیوا بە سەرەوە، کەمترین مووچەی خانەنشینیان زیاترە لە 2 ملیۆن دینار و تێیاندایە دەگاتە شەش ملیۆن دینار، ئەویش بەگوێرەی دەرماڵە و ساڵەکانی خزمەت، بەڵام کاتێک هاوتا بکرێت و دەرماڵەکان نەمێنن، مووچەیان دەبێتە نزیکەی نیوە و کەمتر لە نیوە، ئەوەش ناڕەزایی لێکەوتووتەوە.
بە جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی خانەنشینانی یەکگرتوو، تەمەنی خانەنشینی دەبێتە 60 ساڵ، هەر فەرمانبەرێکیش تەمەنی گەیشتبێتە 45 ساڵ و 15 ساڵ خزمەتی هەبێت، دەتوانێت ئارەزوومەندانە خانەنشین بێت، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بڕگەی تەمەن لە یاساکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکراوە.
هەر بەگوێرەی یاساکە، لەکاتی خانەنشینیی فەرمانبەر لە تەمەنی یاساییدا، 12 مووچەی کاتی خزمەتی بەسەریەکەوە وەردەگرێت.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن.
21-07-2024، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی مووچەی خانەنشینانیان بەهاوتاکراوی بەپێی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو رەوانەی بەغدا کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ