رووداو دیجیتاڵ
لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا حکومەتی عێراق دوو گەڕی دیکەی مۆڵەتە نەوتییەکان بەڕێوەدەبات.
حکومەتی عێراق لەو دوو گەڕە نوێیەدا هەلومەرجەکانی وەبەرهێنان و کارکردنی بۆ کۆمپانیا بیانییەکان ئاسان کردووە بۆ ئەوەی هانیان بدات بەشداری لە پەرەپێدانی 30 بلۆک و کێڵگەی نەوتی گازیدا بکەن.
بریاڕە بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوەبەرایەتی مۆڵەتپێدانەکان و گرێبەستەکان لە وەزارەتی نەوتی عێراق وۆرکشۆپێک بەڕێوەببات و هەلومەرجەکانی وەبەرهێنان و شێوازی بەشداربوونی کۆمپانیا نەوتییەکان لەو بلۆکە نەوتییانە روون بکرێتەوە بۆ کۆمپانیا بیانییەکان.
دوو گەڕی نوێ بریتین لە گەڕی پێنجەم پڵەس (LR5+) و گەڕی شەشەم (LR6).
تاوتوێکردنی ئەو دوو گەڕە مژاری سەرەکی ئەمڕۆ چوارشەممەی بووڵتەنی ئابووری رووداو بوو.
عومەر ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەشی ئابووری رووداو رایگەیاند، لە گەڕی پێنجەمی مۆڵەتبەخشینەکانی عێراق کە لە 2018دا بەخشرایە کۆمپانیاکان، وەزارەتی نەوتی عێراق شێوازی گرێبەستە نەوتییەکانی گۆڕی و لە گرێبەستی خزمەتگوزاری تەکنیکییەوە گۆڕی بۆ گرێبەستی هاوبەشیپێکردن لە بەرهەم.
پێشکێشکار، محەمەدی شێخ فاتیح ئەوەی روونکردەوە کە بە زۆری گرێبەستە نەوتییەکان بریتین لە گرێبەستی خزمەتگوزاری تەکنیکی، گرێبەستی هاوبەشیپێکردن لە بەرهەم و گرێبەستی هاوبەشی کردن لە قازنج.
گرێبەستی هاوبەشیکردن لە بەرهەم ئەو شێوازە گرێبەستەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیڕەوی دەکات و لەو رێگەیەوە نزیکەی 50 گرێبەستی نەوتی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان کردووە.
لەو جۆرە گرێبەستانەدا، کۆمپانیا نەوتییەکان بە سەرمایەی خۆیان هەموو جۆرە مەترسییە بازرگانییەکان لە ئەستۆ دەگرن و سەدان ملیۆن دۆلار خەرج دەکەن لە کارەکانی پەیوەست بە دۆزینەوە، پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی نەوت، لە جیاتیدا خەرجییە سەرەتاییەکان و وەبەرهێنانەکانیان لە دوای بەرهەمهێنانی نەوت پێدەدرێتەوە و لە بەرهەمیشدا بە رێژەیەک بەشدار دەبن.
پێشکێشکاری ئابووری روونیکردەوە، لە گەڕی پێنج پڵەس و گەڕی شەشەمدا حکومەتی عێراق بۆ هاندانی کۆمپانیا نەوتییەکان رێژەی موڵکانەی لە 25٪وە بۆ 15٪ دابەزاندووە.
لە گرێبەستە نەوتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێژەی موڵکانە 10٪یە، بەو مانایەی کە پێش ئەوەی بەرهەمی نەوت لە نێوان کۆمپانیاکانی پشکدار و حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەشبکرێت راستەوخۆ 10٪ی تەرخان دەکرێت بۆ حکومەت.
لە گرێبەستەکانی گەڕی پێنجەمی عێراق کە لە 2018دا بەخشرانە کۆمپانیا نەوتییەکان و لە ساڵی 2023دا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسندکران، رێژەی موڵکانە 25٪ بوو، بەڵام لە گەڕی پێنج پڵەس و گەڕی شەشەم بۆ هاندانی کۆمپانیاکان ئەو رێژەیە بۆ 15٪ کەمکراوتەوە.
بەپێی عومەر ئەحمەد، کەمکردنەوەی رێژەی موڵکانە لە دوو گەڕی نوێی گرێبەستەکانی عێراق دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی کۆمپانیا نەوتییەکان زووتر خەرجییەکانی خۆیان بەدەست بهێننەوە.
بەڕێوەبەری دێسکی ئابووری رووداو هەروەها رایگەیاند، جگە لە کەمکردنەوەی رێژەی موڵکانە چەندین هاندانی دیکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پێشکێش بە کۆمپانیا نەوتییەکان کراون. بۆ نموونە، ئەگەر کۆمپانیا نەوتییەکان لە ماوەی پێنج ساڵدا لە کاری گەڕان و دۆزینەوە هیچ بڕە نەوت یان گازی بازرگانییان نەدۆزییەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو ماوەیان تاوەکو 9 ساڵ بۆ درێژدەکاتەوە، لەکاتێکدا لە گرێبەستەکانی گەڕی پێنجەم کۆمپانیا نەوتییەکان تەنیا 5 ساڵ دەرفەتیان هەیە بۆ ئەوەی لە ئەنجامی کارەکانیان بگەنە بڕێک لە نەوت یان گاز کە لە رووی بازرگانییەوە قازانجدار بێت.
خاڵێکی گرنگی گرێبەستە نوێیەکان ئەوەیە کە حکومەتی عێراق ئەگەر ژێرخانی گواستنەوەی نەوت یان گازیشی نەبێت، هەر قەرەبووی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان دەکاتەوە.
بۆ نموونە بەکارهێنانی گاز پێویستی بە کۆکردنەوەی بۆری گواستنەوەیە. ئەگەر کۆمپانیاکان ئەو بڕە گازەیان بەرهەمهێنا و حکومەتی عێراق نەیتوانی بەهۆی نەبوونی ژێرخانەوە وەریبگرێت و بەکاری بهێنێت، ئەوا حکومەت پابەندە بە پێدانی حەقدەست و شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان.
بڕیارە لە کۆتاییەکانی مانگی 4 و سەرەتای مانگی 5ی ئەم ساڵ گەڕی پێنج پڵەس و گەڕی شەشەم بە فەرمی لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بەڕێوەبچێت.
عومەر ئەحمەد دەڵێت، "گرێبەستە نەوتییەکانی عێراق لە گەڕی یەکەم تاوەکو چوارەم هەموویان لە چەشنی گرێبەستی خزمەتگوزاری تەکنیکی بوون و مەرجەکان هێندە لەبار نەبوون بۆ کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان. بەو هۆیەشەوە حکومەتی عێراق بڕیاری مۆدێلی گرێبەستەکان بگۆڕێت بۆ بەشداریکردن لە قازانج".
سەرەڕای ئەوەی کە شێوازی نوێی گرێبەستەکانی نەوت و گازی عێراق زۆر نزیکن لە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام حکومەتی عێراق ئامادە نییە کە دان بە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستاندا بنێت و رێگە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بدات.
لەکاتێکدا پێش وەستانی بۆری هەناردەکردنی نەوت، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان 450 هەزار بەرمیل بووە، بەڵام ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی 280 هەزار بەرمیل دابەزیوە.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)