رووداو دیجیتاڵ
لە دوای بڵاوبوونەوەی داتاکانی پەیوەست بە هەڵاوسانی مانگی 1 لە ئەمریکا، نرخی زێڕ داڕما بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا.
ئەمرۆ چوارشەممە نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە 1992 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. نرخی زێڕ تەنانەت چەند کاژێر لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا دابەزی بۆ خوارەوەی 1990 دۆلار.
نووسینگەی ئامارەی سەر بە وەزارەتی کاری ئەمریکا رایگەیاند، رێژەی هەڵاوسان لە مانگی 1ی ئەم ساڵدا لە ئاستی مانگانەدا بەرزبووەتەوە بۆ 0.3٪.
ئەو رێژەیە بەرزترین رێژەی هەڵاوسانە لە ئەمریکا لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا.
لە ئاستی ساڵانەشدا رێژەی هەڵاوسان بەرزبووەتەوە بۆ 3.1٪.
بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا بووەتە هۆکار بۆ بێهیوابوونی بازرگانانی زێڕ و بەوەی کە بەو زووانە بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی سوودی بانکی کەمناکاتەوە.
تای وانگ، شرۆڤەکاری سەربەخۆی بازاڕە داراییەکان لە نیویۆرک دەڵێت، "ئەو ئامارانەی کە بڵاوبوونەوە، بە دڵی بازاڕەکان نەبوو، لە ئاستی چاوەڕوانییەکانیشدا نەبوو".
تای وانگ دەڵێت، "ئێستا دەرفەتی دابەزاندنی رێژەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە دابەزیوە بۆ کەمتر لە 50٪".
دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەڵاوسان، بەهای دۆلار بەراورد بە دراوەکانی دیکە بەڕێژەی 0.7٪ بەرزبووەوە بۆ بەرزترین ئاستی لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا.
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار کاریگەری پێچەوانەی لەسەر نرخی زێڕ هەیە و هۆکاری سەرەکییە بۆ دابەزینی بەهای کانزای زەرد.
نرخی نەوتیش دابەزی
لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوت بەهۆی بەرزبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکرا لە ئەمریکا دابەزی.
نرخی نەوتی برێنت 29 سەنت دابەزی و بە 82 دۆلار و 48 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 22 سەنت دابەزی و بە 77 دۆلار و 65 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەڵاوسانی مانگی 1 لە ئەمریکا کە تیایدا دەرکەوت رێژەی هەڵاوسان زیاتر بووە لە ئاستی پێشبینییەکان گومانی لای بازرگانان دروستکردووە لەسەر ئەوەی بانکی ناوەندیی بەو زووانە سوودی بانکی لەو وڵاتە دابەزێنێت، ئەوەش گوشاری بۆ نرخەکانی نەوت دروستکردووە.



