كۆرۆنا ئۆپێك ناچار دەکات کۆببێتەوە

13-02-2020
کاردۆ کەمال
نیشانەکردن كۆرۆنا
A+ A-
كاردۆ كەمال*
 
لەگەڵ دەستپێكی ساڵی نوێ‌، نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە كرد، لە هەفتەی یەكەمی ئەمساڵدا، نرخەكانی نەوت 65 دۆلاریان تێپەڕاند، بەڵام بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كاریگەرییەكانی لەسەر ئابووریی چین، بووە هۆی ئەوەی نرخەكانی نەوت لە كەمتر لە 15 رۆژدا بە بڕی 15 دۆلار دابەزن. ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە هۆی ئەوەی ئۆپێك و هاوپەیمانەكانی بڕیاری كۆبوونەوەی بە پەلە بدەن كە چوار رۆژی خایاند.
 
چین بە دووەم گەورەترین بەكاربەری نەوت دادەنرێت لەسەر ئاستی جیهان، بەپێی ئامارەكانی ئاژانسی وزەی چین، رۆژانە ئەو وڵاتە 14 ملیۆن بەرمیل نەوت بەكاردەهێنێت، ئەمەش یەكسانە بە كۆی خواستی هەر یەكە لە وڵاتانی كۆریای باشوور، ژاپۆن، بەریتانیا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا لە نەوت.
 
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا خواستی چین لەسەر نەوت بەڕێژەی 20٪ كەمی كرد، بەرپرسانی كەرتی وزەی چین پێشبینی دەكەن لە مانگی شوباتدا داوای وڵاتەكەیان لەسەر نەوت بە رێژەی 25٪ دابەزێ، كە دەكاتە زیاتر لە 3 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا، واتە 3%ی كۆی بەكارهێنانی جیهان. لە كاتی قەیرانی دارایی جیهان لە 2008ەوە، ئەوە یەكەمجارە خواست بەو شێوە بەرچاوە كەم بكات.
 
هەتا كۆتایی رۆژی هەینی رابردوو 636 كەس بە هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە مردوون، ژمارەی حاڵەتە تۆماركراوەكانیش بۆ زیاتر لە 31 هەزار حاڵەت بەرزبووەوە. بڵاوبوونەوەی خێرای ئەو ڤایرۆسە نیگەرانی ئەوەی لای بازاڕە داراییەكان دروستكردووە كە گەشەی ئابووریی جیهان دابەزێ و كاریگەریی رێككەوتنە بازرگانییەكەی نێوان ئەمریكا و چین سفر بكاتەوە. خاوبوونەوەی گەشەی ئابووریی جیهان كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر خواستی نەوت دەبێ. بەشێك لە شارەزایانی بازاڕە داراییەكان ترسیان لەوە هەیە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەشێوەیەكی خێراتر بڵاوبێتەوە، ئەمەش ئەو وێنەیە دووبارە دەكاتەوە كە لە بازاڕە داراییەكانی ئاسیا لەساڵی 2003 بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی سارسەوە روویدا.
 
رێكخراوی ئۆپێك هیوایەكی هەبوو كە لەسەر ئاستی كورتخایەن بازاڕ خۆی رێكبخاتەوە، بەڵام لە سەرەتای ئەم مانگە نرخی نەوتی خاوی تەكساس بۆ 50.85 $ بۆ هەر بەرمیلێك دابەزی. دواتریش دابەزینی نرخی نەوتی خاوی تەكساس بۆ 49$ هۆشدارییەكی گەورە بوو لەلایەن بازاڕەوە كە ئەگەر خستنەڕوو كەم نەكرێتەوە، ئەوە بازاڕ ناتوانێ خۆی رێكبخاتەوە.
 
چوار رۆژی كۆتایی هەفتەی رابردوو پانێڵی تەكنیكی ئۆپێك و هاوپەیمانەكانی لە ڤیەننا كۆبوونەوە، تاوەكو تاوتوێی هەنگاوی داهاتوویان بۆ بەرەنگاربوونەوەی كاریگەرییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بكەن.
 
سێ سەرچاوەی ئاگادار بە ئاژانسی (رۆیتەرز)ی بەریتانییان راگەیاندووە كە پانێڵەكە پێشنیازی كردووە بەشێوەیەكی كاتی 600 هەزار بەرمیلی دیكە لە بەرهەمی رۆژانەیان كەمبكەنەوە. هەفتەی رابردوو سێرگێی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند كە وڵاتەكەی "پشتگیری لەو بیرۆكەیە دەكات".
 
سەرەڕای لێدوانەكەی لاڤرۆڤ، سەرچاوەكان لە كۆبوونەوەكانی هەفتەی رابردوو ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە لایەنی رووسی كێشەی لەگەڵ دابەزاندنی زیاتری ئاستی بەرهەمهێنان هەیە. ئەگەر رووسیا بە پێشنیازەكەی ئۆپێك رازی بێ، ئەوە كۆبوونەوەی وەزیرانی ئۆپێك لە مانگی ئادارەوە پێشدەخرێ بۆ مانگی شوبات.
 
بەپێی ئەو رێككەوتنەی ساڵی رابردوو نوێكراوەتەوە، ئۆپێك 1.7 ملیۆن بەرمیلی لە بەرهەمی رۆژانەی كەمكردووەتەوە. سەرچاوەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن ئەگەر مۆسكۆ بە تەواوەتی لەسەر كەمكردنەوەكە یەكلاببێتەوە، ئەوە یەكسەر دەست بە جێبەجێكردنی دەكەن و هەتا مانگی حوزەیرانیش بەردەوام دەبێ.
 
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا هاوتەریب بوو لەگەڵ بڵابوونەوەی داهاتی كۆمپانیا نەوتییە زەبەلاحەكانی وەك ئیكسۆن مۆبیل، شیڤرۆن ، كاتربیلەر. كە داهاتی كۆمپانیا نەوتییە زەبەلاحەكان روویان لە دابەزینێكی بەرچاو كرد، هۆكاری ئەوە هەڵوەشانەوەی بەشی زۆری گەشتە ئاسمانییەكانە بۆ چین كە خواستی سەر نەوتی كەمكردووەتەوە.
 
ئەمە جگە لەوەی بەپێی ئامارەكان، لە چارەكی چوارەمی پارساڵدا بەهای سامانی كۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمریكی لە نەوت و گاز بە بڕی 4.10 ملیار دۆلار كەمیكردووە، ئەمەش بووە هۆكاری دابەزینی بەهای پشكەكانی هەر یەكە لە ئیكسۆن مۆبیل، شیڤرۆن و كاترپیلەر. دابەزینی بەهای ئەو كۆمپانیا زەبەلاحانەش كاریگەری نەرێنی كردە سەر پێنوێنی داوجۆنز كە بە پێنوێنی سەرەكی بازاڕە داراییەكانی ئەمریكا دادەنرێت و پێنوێنەكەی بەبڕی زیاتر لە 600 خاڵ دابەزاند.
 
شارەزایانی بازاڕە داراییەكان پێیانوایە قۆناغی یەكەمی رێككەوتنی بازرگانیی نێوان چین و ئەمریكا هەتا رادەیەك سەركەوتوو بووە، هەر ئەوەش لە كۆتاییەكانی ساڵی 2019دا پاڵپشتی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی كرد، بەڵام بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە هۆكاری ئەوەی دانوستاندنەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە رابگیرێت، ئەمەش كاریگەری نەرێنی لەسەر نرخی نەوت دروستكرد، تەنانەت جێبەجێكردنی قۆناغی یەكەمی رێككەوتنەكەشی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.
 
لەلایەكی دیكەوە وادەی راگەیاندنی حاڵەتی لەناكاو لەلایەن رێكخراوی تەندروستیی جیهانەوە هاوكات بوو لەگەڵ راگەیاندنی "رێككەوتنی سەدە" كە چاوەڕێ دەكرێ ببێتە هۆی دروستبوونی ئاڵۆزییەكی زۆر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا و كاریگەریی لەسەر ئاستی خستنەڕووی نەوت هەبێ.
 
بەم شێوەیەش شارەزایانی بازاڕە داراییەكان پێشبینی دەكەن نرخی نەوت نەتوانێ ئاراستەی بەرزبوونەوە بگرێتەوەبەر، لە كاتێكدا ئەگەری ئەوەش هەیە گوشارەكانی سەر نرخی نەوت هەتا كۆتایی چارەكی یەكەمی ئەمساڵ بەردەوام بن. بازرگانان و وەبەرهێنەرانیش لە چاوەڕوانی ئاكامی بڕیارەكەی ئۆپێكدان سەبارەت بە كەمكردنەوەی زیاتری بەرهەمهێنانی نەوت.  
 
 
* شارەزای بازاڕە داراییەكان
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی لە جنێڤ. وێنە: AFP

عێراق تاوتوێی بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەکات

دوای زیاتر لە 16 ساڵ راوەستان، عێراق دانوستاندنەکانی بۆ بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەستپێدەکاتەوە. بەڕێوەبەی گشتی پەیوەندییەکانی بازرگانیی دەرەکی لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت: خۆیان بۆ کۆبوونەوەی سێیەم لەگەڵ تیمی تایبەت بۆ بەئەندامبوونی عێراق ئامادە دەکەن.