رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى بازرگانیی عێراق رایگەیاند، بڕیارى خەرجکردنى شایستەى دارایی گەنمى جوتیارانى هەرێمى کوردستان و نەینەوا و کەرکووک درا، رۆژى شەممە، 14ى کانوونى دووەم چەکى پارەکە دەدرێتە جووتیاران.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ى کانوونى یەکەمى 2024، حەیدەر گەرعاوى، بەڕێوەبەرى گشتىی کۆمپانیاى دانەوێڵەى سەر بە وەزارەتى بازرگانیی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "بڕیارى خەرجکردنى پارەی شایستەى گەنمى جووتیاران درا کە تاوەکو ئێستا خەرج نەکرابوون و پشکى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان و نەینەوا و کەرکووک بوون".
حەیدەر گەرعاوى گوتى، "پشکى هەرێمى کوردستان لەو پارەیە 234 ملیار دینارە و پشکى نەینەوا 270 ملیار دینارە".
ئەو بڕە پارەیەى گەنمى جووتیارانى هەرێمى کوردستان و نەینەواو کەرکووک بۆ ئەم ساڵ مابوو خەرج بکرێت، بە پاساوى نەبوونى پارەى نەختینە.
بەڕێوەبەرى گشتیى کۆمپانیاى دانەوێڵەى سەر بە وەزارەتى بازرگانیی عێراق گوتى، "رۆژى شەممە دەوام دەکەین بۆ ئەوەى چەکى خەرجکردنى ئەو پارانە بدرێتە جووتیاران".
ئەم ساڵ وەزارەتى بازرگانی بڕیاری دا 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت؛ لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆکیش 189 هەزار تۆن، پارەى ئەو بڕە گەنمەى هەرێمى کوردستان 590 ملیار دینار بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ