ئەمڕۆ 23 هەزار کارتۆن هێلکەی هەرێمی کوردستان هەناردەی شارەکانی عێراق کران

11-02-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای 15 رۆژ لە راگرتنی، ئەمڕۆ هەناردەکردنەوەی بەرهەمی پەلەوەرخانەکانی هەرێمی کوردستان بۆ عێراق دەستیپێکردەوە و لە یەکەم رۆژدا، زیاتر لە 23 هەزار کارتۆنی هێلکە هەناردە کران.
 
رۆژی سێشەممە 11ـی شوباتی 2025، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئەمڕۆ، 29 بارهەڵگر بەرهەمی هێلکەی هەرێمی کوردستانیان بردە پارێزگاکانی عێراق، زۆرترینیان لە پارێزگای سلێمانییەوە بوون.
 
لە هەرێمی کوردستان 50 پڕۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکە هەن، لە ساڵێکدا توانای بەرهەمهێنانی چوار ملیار و 600 ملیۆن هێلکەیان هەیە. بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، "لە پارێزگای سلێمانی 13 بارهەڵگر، پارێزگای هەولێر 10 بارهەڵگر و پارێزگای دهۆک 6 بارهەڵگر بەرهەمی پەلەوەریان بۆ عێراق بردووە، هەر یەکەیان 800 کارتۆنی هێلکەیان بارکردبوو".
 
فیراس سدیق گوتی، بە کۆی گشتی، ئەمڕۆ 23 هەزار و 200 کارتۆنی هێلکە هەناردەی عێراق کراوە.
 
هەر ئەمڕۆ، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، ئەنجامەکانی پشکنینە تاقیگەییەکان بۆ نموونەکانی نەخۆشیی پەلەوەر لە پەلەوەرخانەکانی هەرێمی کوردستان دەرکەوتووە و "هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ئەنفلۆنزای باڵندە تۆمار نەکراوە، جگە لە ناوچەی مەخموور کە حاڵەتێکی پۆزەتیڤ لە کێڵگەیەکی تایبەت بە پاشماوەی پەلەوەر تۆمارکراوە."
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە ئەنجوومەنی وەزیران ئاگادارکراوەتەوە بەمەبەستی گرتنەبەری رێوشوێنەکانی کۆنترۆڵکردن و زاڵبوون و جێبەجێکردنی رێوشوێنەکانی پاکژکردنەوە و کەرەنتینکردن لە ناوچەی مەخموور کە تێیدا یەک حاڵەتی پۆزەتیڤ بۆ نموونەکانی پاشماوەی پەلەوەر لە کێڵگەیەکدا دەرکەوتووە کە بەتاڵ بووە لە پەلەوەر و بۆ ماوەی 3 مانگ رێگری کراوە لە بەخێوکردن تێیدا."
 
رۆژی 27-1-2025، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، بە فەرمانی عەباس جەبر مالیکی، وەزیری کشتوکاڵ، وەزارەتی کشتوکاڵ لەڕێگەی فەرمانگەی ڤێتێرنەرییەوە هاتنی پەلەوەر و بەرهەمەکانی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق بۆ ماوەیەکی کاتی قەدەخە کردووە، تاوەکو دۆخی نەخۆشی لە هەرێمی کوردستان روون دەبێتەوە و ئەنجامی پشکنینی تاقیگەیی دەردەچێت، کە دڵنیایی دەدات پڕۆژەکانی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان لە ئەنفلۆنزای باڵندە پاکن.
 
وەزارەتەکە رایگەیاندووە: "دوێنێ پشکنینەکان دەرچوون کە پاک بوون، ئەمڕۆ هەناردەکردنەوەی بەرهەمەکان دەستیپێکردەوە."
 
ساڵانە هەرێمی کوردستان زیاتر 270 هەزار تۆن گۆشتی مریشک بەرهەم دەهێنێت، لەکاتێکدا پێداویستیی ساڵانەی ناوخۆی 150 هەزار تۆنە. ئەوەی لە پێداویستیی نێوخۆ زیاترە، هەناردەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت.
 
لە هەرێمی کوردستان هەزار و 959 پەلەوەرخانە هەن، بەڵام بەشێوەی هەمیشەیی هەموویان بەرهەمیان نییە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

یاسای لێبووردنى گشتى زیاتر لە 6 ملیار دینارى گەندەڵیى گەڕاندووەتەوە

ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق رایگەیاند، جێبەجێکردنى یاسای لێبووردنى گشتى، زیاتر لە پێنج ملیار دینار و نیو ملیۆن دۆلارى گەڕاندووەتەوە. بە گوتەى ئەندامێکى پەرلەمان، ئەو پارانە لە دۆسیەکانى گەندەڵی بۆ ئازادکردنى سزادراوان گەڕێندراونەتەوە.