بازرگانیی تورکیا: پەیوەندییە بازرگانییەکانمان لەگەڵ سووریا بەرەوپێش چووە

11-02-2025
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بازرگانیی تورکیا رایگەیاند، لە سەردەمی رژێمی ئەسەددا پەیوەندیی بازرگانییان لەگەڵ سووریا سنووردار کرابوو. دەشڵێت، لەمەودوا لە دەروازە سنوورییەکانی هەردوو وڵاتدا رێکاری نوێ دەگیرێنەبەر.
 
رۆژی سێشەممە 11ی شوباتی 2025 وەزارەتی بازرگانیی تورکیا رایگەیاند، "لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەد، پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان سووریا و تورکیا، بەرەوپێش چوون."
 
وەزارەتەکە دەڵێت، "لە سەردەمی رژێمی ئەسەددا پەیوەندیی بازرگانیی هەردوو وڵات لە زۆر رووەوە سنووردار کرابوو." جەختیشی کردەوە، بڕیاری زیاتر پەیوەست بە "هەناردە، هاوردە و بەڕێکردن بەبێ گومرگ" لە دەروازە سنوورییەکانیان دەدەن.
 
بەپێی وەزارەتی بازرگانیی تورکیا، لەمەودوا لە دەروازە سنوورییەکانیاندا کار بە رێکارەکانی پێشوو ناکەن، سنوورە وشکانییەکانیان بەڕووی سووریادا دەکرێنەوە و هەلومەرجی هاوردەکردن، یاخود بەڕێکردنی کاڵا بەبێ گومرگ، هاوشێوەی "وڵاتانی سێیەم"، لەگەڵ سووریاش جێبەجێ دەکرێت.
 
هەر لە راگەیێندراوەکەی ئەو وەزارەتەی تورکیادا هاتووە، جگە لە کەلوپەلی کانزایی، کاڵاکانی دیکە لە سووریاوە بەبێ گومرگ بە دەروازە سنوورییەکانی تورکیادا بۆ "وڵاتانی سێیەم" تێپەڕ دەبن.
 
وەزارەتی بازرگانیی تورکیا رایگەیاندووە، ئەو کاڵایانەی لە سووریاوە بۆ تورکیا هاوردە دەکرێن، لەڕووی پشکنینی ئاسایشی خۆراک و باجی گومرگییەوە، هاوشێوەی "وڵاتانی سێیەم" مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
 
مەبەست لە "وڵاتانی سێیەم" ئەو وڵاتانەن، لەڕووی تەکنەلۆجی، سیاسی و ئابوورییەوە لە دواوەن.
 
شاندێکی بازرگانیی تورکیا بە سەرۆکایەتیی مستەفا توزجو، یاریدەدەری وەزیری بازرگانیی وڵاتەکە، رۆژی پێنجشەممە 23ی کانوونی دووەمی 2025، سەردانی دیمەشقی پایتەختی سووریای کرد و لەگەڵ ماهیر خەلیل حەسەن، وەزیری بازرگانی و پاراستنی بەکاربەر؛ ئەحمەد دخان، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی سووریا و قوتەیبە بەدەوی، سەرۆکی دەستەی سنوورە ئاوی و وشکانییەکانی سووریا کۆبووەوە.
 
وەزارەتەکە دوای کۆبوونەوەکە رایگەیاند، "لەگەڵ حکومەتی سووریا هاوئاهەنگی دەکرێت بۆ ئەوەی کۆمپانیا تورکییەکان کە تاوەکو ئێستا لە چەند ناوچەیەکی دیاریکراوی سووریادا خزمەتیان کردووە، بتوانن لە تەواوی وڵاتەکە چالاکییان هەبێت و هەڵسەنگاندن بۆ رەخساندنی دەرفەتی وەبەرهێنان بکەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زێڕ. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 بە 705 هەزار دینارە

نرخی زێڕ ئەمڕۆ دووشەممە، لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیەدا ئاستێکی نوێی پێوانەیی تۆمارکرد و ئۆنسەیەکی بۆ 3395 دۆلار بەرزبووەوە کە بەرزترین ئاستیەتی لە مێژووی مامەڵەکانی ناو بازاڕدا. یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە 705 هەزار دینارە.