رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی عێراق لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە بە نووسراو داوای جێبەجێکردنی سێ خاڵ لە هەرێمی کوردستان دەکات.
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، رۆژی 03-02-2025 واژۆی لەسەر نووسراوەکە کردووە، نووسراوەکەشی بۆ نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناردووە، کە تایبەتە خەمڵاندنەکانی مووچە، خانەنشینی، چاودێریی کۆمەڵایەتی و گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025.
لەنووسراوەکەدا، کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، بە ئاماژەدان بە نووسراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ژمارە 2581254 لە 02-02-2025، وەزیری دارایی ئەو سێ داواکارییەی لە هەرێمی کوردستان:
1- پێدانی نووسراوی پارەدارکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2025ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
2- تەواوکردنی ناردنی داتای تایبەت بە جێکردن "تەوتین"ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بە گوێرەی ئەو میکانیزمەی کە لە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی دانراوە.
3- ناردنی داهاتی نانەوتی مانگی کانوونی دووەمی 2025 بۆسەر ئەو هەژمارەی کردوویانەتەوە لە بانکی ناوەندیی عێراق بە ژمارە ( 70018).
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 11-02-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمە نێوەڕۆکی رێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانە لەبارەی مووچەوە و پێویستە هەردوولا پێوەی پابەند بن".
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە کۆبوونەوەی هەفتانەیدا بڕیاری دا بە زووترین کات داهاتی نانەوتیی مانگی کانوونی دووەمی 2025 بۆ گەنجینەی فیدراڵی بنێرێت.



