رووداو- هەولێر
بڕیارە سبەی چوارشەممە 08/12/2015، شاندێکی باڵای ئابووری ئێران سەردانێکی سێ رۆژە بۆ هەرێمی کوردستان بکەن و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵات لەسەر پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان کۆببنەوە.
نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "سبەی چوارشەممە، شاندێکی ئێرانی بە سەرپەرشتی رۆستەم قاسمی، سەرۆکی دەستەی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووریی و بازرگانییەکانی ئێران و عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە".
نازم دەباغ ئەو سەردانەی وەک "بەدواداچوون بۆ سەردانەکانی پێشووی شاندی ئێرانی بۆ درێژەپێدان بە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی هەولێر و تاران، بەتایبەت لەبواری نەوت و گازدا" ناو برد و گوتی "بڕیارە لەو سەردانەدا، گفتوگۆی زیاتر لەسەر پێشنیازی راکێشانی بۆڕی نەوت و گاز لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا بکرێت، بۆئەوەی هەردوو لایەن بگەنە رێککەوتنێکی هاوبەش".
رۆستەم قاسمی پێشتر وەزیری نەوتی ئێران بووە. ئەو ئێستا راوێژکاری وەزیری نەوتە و سەرۆکایەتیی دەستەی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووریی و بازرگانییەکانی ئێران و عێراق دەکات. قاسمی بەمەبەستی رێککەوتن لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ راکێشانی بۆڕی نەوت و گاز، چەندینجار سەردانی هەولێری کردووە و لەگەڵ سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کۆبووەتەوە.
لە 27/02/2015 شاندێکی وەزارەتی نەوتی ئێران لێکتێگەیشتنێکیان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان واژۆکرد. لێکتێگەیشتنەکە بۆ راکێشانی بۆڕیی گازی سرووشتییە بۆئەوەی لەڕێگەی سنووری قەسری شیرینی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆڕییەکە بگەیێندرێتە ناوچەی گەرمیان و لەوێشەوە بۆڕییەکە بۆ هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان رابکێشرێت.
گواستنەوەی گازوایلی ئێران و گەیاندنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و ناوچە پیشەسازییەکانی باشووری کوردستان و هەروەها راکێشانی بۆڕیی نەوت لەو پڕۆژە هاوبەشانەن کە ئێران و هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەسەر کردوون.
بەرپرسانی هەولێر و تاران رایانگەیاندووە، گفتوگۆکان بەردەوام دەبن، تاوەکو هەردوولا دەگەنە رێککەوتنێکی هاوبەش. رێککەوتنێک کە لە ئەگەری واژۆکردنی بۆماوەی 20 ساڵ هەولێر و تاران لەڕووی وزەوە بەیەکدی دەبەستێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ