رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەرێمی کوردستان/ هەولێر رایدەگەیێنێت، "مامەڵەکردن بە هەموو جۆرە دراوێکی ئەلیکترۆنی و کانزایی قەدەخەیە."
لە راگەییێدراوێکی ئاسایش دا کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە "مامه‌ڵه‌کردن به هه‌موو جۆره‌کانی دراوی ئه‌لیکترۆنی و کانزایی کۆمپانیاکانی فۆرێکس و (USDT) لە هەرێمی کوردستان قه‌ده‌خه‌یه، کۆمپانیاکانی فۆڕێکس و دراوی ئه‌لیکترۆنی له هه‌رێمی كوردستان و عێراق رێگه‌پێدراو نین."
ئاسایشی گشتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، به‌پێی بڕیار و رێنماییه‌کانی بانکی ناوەندیی عێراق و وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی هه‌رێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق، ئەو دراوانە رێگە‌پێدراو نین و، هیچ یاسا و رێنماییه‌ک بۆ رێكخستنیان نییە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، "ئەو كۆمپانیانه‌ی له ژێر ناوی جیا کاری فۆڕێکس و کردنەوەی خولی فێربوونی چۆنیێتیی مامه‌ڵەکردن و کڕینی دراوی ئه‌لیکترۆنی و کانزایی دەکەن، نایاسایین و رێگه‌پێندراو نین."
لەبارەی هۆکاری راگەیێندراوەکە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوای چه‌ندین سکاڵای هاووڵاتییان و زه‌ره‌رمه‌ندبوونیان له رێگەی ئه‌و مامەڵانەوە، بڕیارەکەیان دەرکردووە.
ئاسایش داوا لە هاونیشتمانیان دەکات، "بۆ ئه‌وه‌ی تووشی زیانی مادی نه‌بن، دووربکه‌ونه‌وه له‌م جۆره مامه‌ڵانه و "پاره‌کانیان به‌فیڕۆ نه‌ده‌ن به پڕوپاگەنده و رێکلامی کۆمپانیا و پرۆژه‌کان هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێن و خۆیان لێ به‌دوور بگرن".
ئاسایش هۆشداری دەداتە ئەو کەس و کۆمپانیانەی مامەڵەی دراوی ئەلیکترۆنی دەکەن، دەڵێت، "ئاگاداری گشت کۆمپانیا و پرۆژه‌کان ده‌که‌ینه‌وه، له رێگه‌ی سۆشیال میدیا رێکلام بۆ کاری فۆڕێکس و دراوه کانزاییه‌کان نه‌که‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه رووبه‌ڕووی لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی ده‌بنەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ