نرخی نەوتی برێنت بۆ کەمتر لە 78 دۆلار دابەزی

07-10-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکان لەم هەفتەیەدا، ئەمڕۆ نرخی نەوت دابەزی و کۆتاییهێنا بە بەرزبوونەوەکانی هەفتەی رابردووی خۆی هێنا.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ (دووشەممە، 7-10-2024) 43 سەنت دابەزی و بە 77 دۆلار و 62 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 35 سەنت دابەزی و بە 74 دۆلار و 3 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەفتەی رابردوو نرخی نەوتی برێنتیان بەڕێژەی 8٪ و نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بەڕێژەی 9.1٪ بەرزکردەوە.
 
تینا تێنگ، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لەو بارەیەوە رایگەیاند، "هۆکاری دابەزینی ئەمڕۆی نرخی نەوت، بۆ کۆکردنەوەی قازانج لەلایەن بازرگانانەوە دەگەڕێتەوە."
 
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، "سەرەڕای دابەزینی ئەمڕۆی نرخەکان، بە ئەگەری زۆرەوە نرخی نەوت بەهۆی ئەگەری تۆڵەکردنەوەی ئیسرائیل لە ئێران، بەرزدەبێتەوە."
 
گرووپی بانکیی ئوسترالی - نیوزلاندی (ANZ) لە یاداشتێکدا بۆ بازرگانان رایگەیاند، کاریگەریی شەڕەکە لەسەر پچڕانی گواستنەوەی نەوت بە ئەگەری زۆرەوە هێندە بەرفراوان نابێت.
 
بانکی ANZ دەڵێت، بەرهەمهێنەرانی نەوتی کەنداو لە کۆگەکاندا هێندە نەوتیان هەیە، کە بە ئاسانی دەتوانن قەرەبووی نەمانی نەوتی ئێران بکەنەوە.
 
ئەو بانکە پێی وایە ئەگەری کەمە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران، بەو پێیەی هێرشێکی لەو چەشنە هاوپەیمانانی ئیسرائیل لە نێوانیاندا ئەمریکا نیگەران دەکات.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە