رووداو دیجیتاڵ
هاوردەکردنی ئاژەڵ بە قاچاخ لە شارەکانی سەر سنووری نێوان رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ باشووری کوردستان زیادیکردووە. ئەوەش بەهۆی هەرزانیی نرخی گۆشت لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەراورد بە عێراق و هەرێمی کوردستان.
عەلی ئەسغەر مەلەکی، سەرۆکی یەکێتیی ئاژەڵدارانی ئێران رایگەیاندووە، "لە کاتێکدا ئێستا لە ئێران ئاژەڵ کیلۆی بە 40 هەزار تمەنە، بەڵام لە عێراق کیلۆیەکی بە 90 هەزار تمەنە و ئەمەش بووەتە هاندەر بۆ ئەوەی بازرگانان ئاژەڵ هەناردەی عێراق بکەن".
سەرۆکی یەکێتیی ئاژەڵدارانی ئێران ئاماژەی بەوە داوە، شارەکانی شنۆ و پیرانشار زۆر نزیکن لە هەرێمی کوردستان و ئەوە وایکردووە هەناردەکردنی ئاژەڵ بە قاچاخ بۆ هەرێمی کوردستان ئاسان بێت.
ئەسغەر مەلەکی پێیوایە، بەهۆی هەناردەکردنی ئاژەڵ لە ئێرانەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە چەند مانگی داهاتوودا ئاژەڵ لە ئێران کەمدەبێتەوە و نرخی گۆشتی سووریش بەرزدەبێتەوە.



