رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، هیچ ناکۆکییەکی زەق لەنێوان هەولێر و بەغدا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵام چەند خاڵێک ماون کە دەبێت هەردوولا لەسەریان رێکبکەون.
ئەمڕۆ دووشەممە، 7ـی نیسانی 2025، د. عەبدولساحب بزوون، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هیچ ناکۆکییەکی زەق لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوت نییە، بەڵکو تەنیا چەند خاڵێکی تایبەت بە رێکخستنەوەی هەناردەکردن ماون و ئەوانەش بە دڵنیاییەوە بەم نزیکانە چارەسەر دەکرێن."
د. عەبدولساحب بزوون گوتی: "بە دڵنیاییەوە لە رۆژانی ئاییندەدا کۆبوونەوەکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت بەردەوامییان دەبێت و بەرهەمدار دەبن."
4ـی ئەم مانگە، وەزارەتى نەوتى عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "کارمان لەسەر ئەوە کردووە، گەرەنتى جێبەجێکردنێکى دروستى هەموارى یاسای بودجە بکەین بۆ ئەوەى هەناردەى نەوت لە رێگەى بۆریی نەوتەوە بۆ تورکیا لە نزیککترین کاتدا دەستپێبکاتەوە. حکومەتى فیدراڵى هەنگاوى جیدى ناوە بۆ پیشاندانى نیازپاکى لە دانوستاندنەکان و گەرەنتیکردنی هەناردەکردنەوەى نەوت بەشێوەیەکى خێرا و بەرپرسانە."
گوتەبێژەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی: "بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە بەرژەوەندیی گەلەوە هەیە، بۆیە هەردوو حکومەت پەلە دەکەن لە هەناردەکردنەوەی نەوت و پێویستیشە بەو جۆرە بکەن."
پەرلەمانى عێراق، رۆژی دووى شوباتى 2025، یەکەم هەموارى یاسای بودجەى سێ ساڵی عێراقى پەسند کرد بۆئەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەستپێبکاتەوە کە لەساڵى 2023ـەوە وەستاوە.
بەگوێرەى هەموارەکە بۆ بە بەرهەمهێنان، گواستنەوەى نەوتی هەرێمی کوردستان 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دیاری کراوە تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری لە 60 رۆژدا نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات، بەڵام کۆمپانیاکان و وەزارەتى نەوت لە بارەى قەرزى پێشوو، هەروەها گەرەنتى خەرجکردنى ئەو شایستە داراییانە رێکنەکەوتوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ