100 دۆلار بۆ کەمتر لە 150 هەزار دینار دابەزی

05-08-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەوە؛ 100 دۆلار بە کەمتر لە 150 هەزار دینارە.
 
دوێنێ یەکشەممە لە کاتی داخستنی بازاڕدا و ئەمڕۆش لە کاتی کردنەوەدا 100 دۆلار گەیشتە سەرووی 150 هەزار دینار. 
 
رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، ئێوارەی ئەمڕۆ لە کاتی داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار بە 149 هەزار و 750 دینار بووە. 
 
لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا لە سلێمانی، بەیانیی ئەمڕۆ 100 دۆلار بە 150 هەزار و 150 دینار بووە.
 
هەروەها حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ لە کاتی داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار بە 149 هەزار و 800 دینار بووە. لە کاتی کردنەوەدا 100 دۆلار بە 150 هەزار و 150 دینار بوو. 
 
حاجی سابیر باواجی گوتیشی، ئەمڕۆ پێش کاتی داخستن، 100 دۆلار تاوەکو ئاستی 149 هەزار و 600 دیناریش دابەزیبوو.
 
بە گوتەی هەردوو ئاڵوگۆڕکارەکە، ئەگەری خاوبوونەوەی گرژییە جیۆسیاسییەکانی ناوچە لە نێوان ئێران و ئیسرائیل هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی بەهای دینارە. بەتایبەتیش کە تائێستا هیچ هێرشێکی گەورە نەکراوە.
 
رەوەز میرزا دەڵێت، خواست لەسەر دۆلار کەمێك ئاسایی بووەتەوە، بەڵام بازاڕ چاوەڕوانی ئاراستەی گرژییەکانە. گوتیشی، ئەمڕۆ حەواڵە چووەتە سەر هەژماری بازرگانان، ئەوەش هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی بەهای دینارە.
 
بۆ حەواڵەکردن، بازرگانان دەبێت دینار بخەنە سەر هەژمارەکانیان، ئەوەش وا دەکات دینار لە بازاڕ کەمببێتەوە، بەوەش خستنەڕووی دۆلار زیاد دەبێت و خواست لەسەری کەمدەبێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە