رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە دوو هەفتەیە لیستى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان نێردراوە بۆ وەزارەتى دارایی عێراق، بەڵام تائێستا بەغدا مووچەکەی خەرج نەکردووە. ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا بەغدا پارەکە بنێرێت.
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە وەزارەتى دارایی و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "زیاتر لە دوو هەفتەیە لیستى مووچە نێردراوە بۆ وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ بەبێ ئەوەى هیچ تێبینییەک لە بارەیەوە درابێتە وەزارەتەکەیان، کە کێشە بۆ مووچە دروست بکات".
مووچەى مانگانەى مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمى کوردستان زیاتر لە 900 ملیار دینارە، بەغدا تائێستا مووچەی مانگی 7ی بۆ خەرج نەکردوون.
کاروان یاروەیس، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە رۆژی 1ی ئابەوە دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەرانى عێراق تەواو بووە و چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بنێردرێت.
کاروان یاروەیس گوتى، "کێشە لەسەر لیستى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان نییە بە تایبەت کە ئەم مانگە زووتر لیستەکە نێردراوە بۆ بەغدا".
بەگوێرەى مادەى 12ی یاساى بودجەى گشتیى عێراق، دەبێت وەزارەتى دارایی و ئابووریى هەرێمى کوردستان مانگانە تەرازووى پێداچوونەوە بنێرێت بۆ فەرمانگەى ژمێریاریی وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدڕاڵى کە تایبەتە بە وردەکاریی خەرجى و داهاتى نەوتى و نانەوتى هەرێمى کوردستان.
لە یاسای بوجەدا هاتووە؛ پێویستە هەرێمى کوردستان تەواوى داهاتى ناوخۆ و 50%ى داهاتە خاڵە سنوورییەکان رادەستى حکومەتى فیدڕاڵى بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ