وەزارەتی دارایی: بەشێکی مووچە گەیشت و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت

04-07-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ئەمڕۆ بەشێک لە 'تەمویلی' مووچەی مانگی حوزەیران خرایە سەر هەژماری بانکیان و لە یەکشەممەوە دەست بە دابەشکردنی دەکەن.
 
ئەو پارەیەی خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، وەک لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی هاتووە، بڕەکەی 231 ملیار و 405 ملیۆن و 531 هەزار دینارە.
 
پارەکە بۆ شایستەی مانگی حوزەیرانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، زیندانیانی سیاسی، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و خانەنشینانی شارستانی و سەربازییە.   
                                               
سەبارەت بە وادەی دابەشکردنی مووچەش، وەزارەتی دارایی لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێ "رۆژی یەکشەممە، 7-7-2024 دەست بە دابەشکردنی مووچەی سەرجەم ئەو توێژانە دەکرێت، کە لە سەرەوە ئاماژە بە ناوەکانیان دراوە و تەمویلەکەیان گەیشتووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو؛ وەزارەتی دارایی عێراق رۆژی سێشەممە (2-7-2024) بڕیاریدا زیاتر لە 232 ملیار دینار بخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

 

ئەمە لەکاتێکدایە، عێراق تاوەکو ئێستا لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ مانگەکانی ئایار و حوزەیران پەسند نەکردووە، بەڵام پێشنیازێک خراوەتە بەردەم سوودانی کە بەبێ چارەسەرکردنی تێبینییەکانی وەزارەتەکە، ئەو دوو مووچەیە خەرج بکات. 
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەغدا، دەست هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو کەوتوون، پێشنیازەکە بەو شێوەیەیە "لیستێکی نوێی مووچە بۆ هێزە ئەمنییەکان، لەنێوان دیوانی چاودێریی وەزارەتەکانی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان کە چارەسەری تێبینییەکانی دارایی فیدراڵی تێدابێت، ئامادە بکرێت."
 
بەگوێرەی پێشنیازەکە "لە 60 رۆژدا دەبێت هەردوو دیوانی چاودێریی وەزارەتەکان لەوبارەیەوە کۆببنەوە و تێبینییەکان چارەسەر بکەن و لیستە نوێیەکە بۆ هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان ئامادە بکەن."  لەو ماوەیەی تاوەکو تێبینییەکان چارەسەر دەبن، "داوا لە سوودانی کراوە مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیران-ی هێزە ئەمنییەکان رەوانە بکات." ئەمە بەپێی زانیارییەکانی هەڵکەوت عەزیز. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە