ساڵانە زیاتر لە یەك ملیۆن تۆن برنج هاوردە دەكرێ‌

04-03-2019
رەوا عەبدوڵڵا
نیشانەکردن برنج
A+ A-

رووداو - هەولێر

بەپێی ئاماری وەزارەتی بازرگانی، لە ماوەی سێ ساڵدا بێجگە لە برنجی بایەعی، یەك ملیۆن و 264 هەزار تۆن برنج هاوردەی عێراق كراوە، پشكی شێری ئەم بازرگانییەش بەر كۆمپانیا بازرگانییەكانی هەرێمی كوردستان كەوتووە، 98%ی ئەو برنجە لە رێگەی خاڵە سنوورییەكانی كوردستانەوە هاوردە كراوە. 


برنج بەهایەكی بەرزی خۆراكی هەیە، زۆربەی وڵاتان بە خۆراكێكی بنەڕەتی دەزانن، بۆیە لەسەر ئاستی جیهان لەڕووی چاندنەوە لەدوای گەنم پلەی دووەمی وەرگرتووە. لە رووی بڕی بەرهەمیشەوە لە دانەوێڵەكاندا لە پلەی سێیەمە.

لە عێراق برنج بووەتە خۆراكی سەرەكیی دانیشتووان، لە زۆربەی ژەمەكاندا هەیە. ئەگەرچی كەشوهەوا و خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ چاندنی هەندێ جۆری برنج گونجاوە، بەڵام 85%ی ئەو برنجەی لەعێراق و هەرێمی كوردستان دەخورێت، هاوردەیە.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان، ساڵانە نزیكەی یەك ملیۆن تۆن برنج هاوردەی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكرێت.

هاوردەی برنجەكەش بە دوو شێوازە، بەشێكی حكومەتی عێراق خۆی هاوردەی دەكات و لەرێگەی پسوولەی خۆراكەوە بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشی دەكات، بەشێكی دیكەشی بازرگانان هاوردەی دەكەن، پشكی شێری ئەم بازرگانییە بەر كۆمپانیا بازرگانییەكانی هەرێمی كوردستان كەوتووە بەجۆرێك 98%ی ئەو برنجە بازرگانییەی هاوردەی عێراق كراوە لەرێگەی دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان بووە. 

بەپێی داتاكان لەساڵی 2015دا 876 هەزار 400 تۆن برنج بە بەهای 615 ملیۆن دۆلار هاوردەی عێراق كراوە كە نزیكەی 484 هەزار تۆنی بۆ بایەعی هاوردەكراوە. بەرهەمی ناوخۆش نزیكەی 112.600 هەزار تۆن بووە، كۆی برنجی بەكاربراو لەعێراق بەگشتی لەو ساڵەدا 989 هەزار تۆن بووە. 

لەساڵی 2016دا 996 هەزار و 660 تۆن برنج بە بەهای 541 ملیۆن دۆلار هاوردەكراوە كە 406 هەزار تۆنی بۆ بایەعی هاوردەكراوە، بەرهەمی ناوخۆ نزیكەی 186 هەزار تۆن بووە، واتە لە ساڵی 2016دا یەك ملیۆن و 182 هەزار و 660 تۆن برنج بەكاربراوە.

ساڵی 2017 برنجی هاوردە زیاتر بووە و یەك ملیۆن و 16 هەزار تۆن برنج بە بەهای 690 ملیۆن دۆلار هاوردەكراوە. 735 هەزار تۆن برنج بۆ بایەعی هاوردە كراوە، بەرهەمی ناوخۆ 269 هەزار تۆن بووە، كۆی برنجی بەكاربراویش لەو ساڵەدا یەك ملیۆن و 285 هەزار تۆن بووە.

حاجی بەهائەددین جەمال رەشید، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بەمۆ، كە بریكاری ماركەیەكی برنجە لە كوردستان دەڵێت "برنج بووەتە خۆراكی رۆژانەی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی كوردستان، بۆیە ساڵ لە دوای ساڵ خواست لەسەر بەكاربردنی زیاد دەكات. برنجی بازرگانی هەموو عێراقیش لەرێگای كۆمپانیا بازرگانییەكانی هەرێمی كوردستان دابین دەكرێت، چونكە ئەوان توانیویانە لە نرخ و كوالێتی كۆنترۆڵی بازاڕەكە بكەن".

حاجی بەهائەدین، ساڵانە بەپێی خواست نزیكەی 100 هەزار تۆن برنج هاوردە دەكات، تەنیا 35%ی لە كوردستان ساخ دەكاتەوە و ئەوەی دیكە هەناردەی شارەكانی عێراق دەكات. 

نزیكەی 100 كۆمپانیای بازرگانی لە هەرێمی كوردستان برنج هاوردە دەكەن، بۆ راكێشانی سەرنجی كڕیاریش هەر كۆمپانیایەك بە چەند ناوێكی جیاواز برنجەكەی دەفرۆشێت، بۆیە بە 150 ناوی جیاواز برنج لە بازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان هەن.

حاجی بەهائەددین دەڵێت :"لەو 150 ماركەیەی هەن 40 ماركەیەكیان دیارن لەو ژمارەیەش نزیكەی 20 ماركەیان فرۆشیان باشە، ئەوەی دیكە هەر ناوە، كۆمپانیا هەیە بۆ راكێشانی سەرنجی كڕیار برنجەكەی بە 10 ناوی جیاواز دەفرۆشێت، بۆیە فێڵكردن لە فرۆشتنی برنجدا زۆرە". 

حاجی بەهائەددین دەڵێت :"كۆمپانیا هەیە چەڵتووك لە هیندستان دەكڕێ‌، بەڵام لێرە برنجی وردە و شكاوی لەگەڵ تێكەڵاو دەكات و بە نرخی برنجی دەنك درێژی 11 و 21 دەیفرۆشێتەوە. هەشە برنجی رووسی و كازاخستانی دێنێ‌، لێرە بە برنجی كوردی و عەنبەری عێراقی بە نرخێكی زۆر دەیفرۆشنەوە، بۆیە خەڵك دەكەمەوە ئەو برنجەی بەناوی كوردی كیلۆی بە 2 تاوەكو 3 هەزار دەفرۆشێرێ‌ هیچی كوردی نین، تەنانە ئەو برنجەی لە بەشێك لەچێشتخانەكان بە برنجی كوردی دەفرۆشرێن، هیچیان كوردی نین". 

لەداتاكان دەردەكەوێت، بڕی بەكاربراوی ساڵانەی لە عێراق بەكۆی برنجی بایەعی و بازرگانی و بەرهەمی ناوخۆ لە ساڵی 2015 بۆ هەر تاكێك 26.4 كیلۆ، لە 2016دا 31.6 كلیۆ و لە 2017دا 32.9 كیلۆ برنج بووە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان بڕی بەكاربراو زیاترە بە جۆرێك لە ساڵی 2015دا هەر تاكێك 32.5 كیلۆ برنجی خواردووە. لە 2016دا 32 كیلۆ و لە 2017، 38.5 كیلۆ بووە.

حاجی بەهائەددین جەمال دەڵێت :"ساڵانە هەر تاكێك لە كوردستان سەرووی 40 كیلۆ برنج دەخوات، بەشێوەیەكی گشتی لە هەرێمی كوردستان، هاووڵاتیان و گەشتیاران ساڵانە نزیكەی 240 تاوەكو 250 هەزار تۆن برنج دەخۆن".

زۆربەی ئەو برنجەی هاوردەی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكرێت برنجی هندییە، بۆ نمونە لەساڵی 2017 دا 550 تۆن برنج لە هیند، 180 هەزار تۆن لەڤیتنام، 95 هەزار تۆن لە ئۆرگوای، 33 هەزار تۆن لە ئەمەریكا، 29 هەزار تۆن لەتایلەند، 7 هەزار تۆن لە توركیا و 8 هەزار تۆن لە ئێران، بڕێكی كەمیش لە رووسیا، پاكستان، كازاغستان، ئیتاڵیا، ئیسپانیا و هۆڵەندا هاوردەكراوە

جوتیار عومەر، بەڕێوەبەری كۆمپانیایەكی هاوردەكردنی خۆراكە ساڵانە نزیكەی 10 هەزار تۆن برنج هاوردەدەكات، دەڵێت :"برنجی هاوردە دوو جۆرە، برنجی دەنكدرێژ كە هیندییە و بە 11 و 21 ناسراوە، بەگوێرەی كوالێتییەكەی پلە یەكەكەی نرخی یەك تۆنی لەنێوان 1250 تاوەكو 1350 دۆلار دایە، برنجی جۆری شەربەتی و شۆكەندە و زەهەبی هەیە نرخیان لەنێوان 900 تاوەكو 1100 دۆلار دایە، بەڵام فرۆشی باش نییە، برنجی خڕیش لە ئەمەریكا، رووسیا و چین و هەندێ وڵاتی دیكە هاوردە دەكرێت بەگوێرەی كوالێتی و جۆرەكەی نرخی لە نێوان 550 تاوەكو 1200 دۆلار دایە".
 
خراپترین جۆری برنج ئەو برنجەیە كە لە رێگەی بریكارەكانی خۆراكەوە دەدرێتە هاووڵاتیان، جوتیار عومەر دەڵێت :"لە كوردستان كەم كەس ئەو برنجە دەخوات، بەڵام لە عێراق خەڵك زۆرتر برنجی بایەعی دەخۆن".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە