رووداو - هەولێر
نەبوونی شەفافیەت لە دارایی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان یەکێکە لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و باڵی كۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح، جێگرانی سکرتێری گشتی کە بە ناوەندی بڕیار ناسراون.
ناوەندی بڕیاری یەکێتی لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی پێنجشەممە 1-9-2016 بڵاویانکردەوە، باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد تۆمەتبار دەکەن بەوەی یەکێتی کراوەتە هێزێك بۆ تاڵانکردنی نەوت و هەڵلوشینی سەروەت و سامانی خەڵك، هەروەها یەکێتی بەشدارە لە حكومەتدا و بەشداری لە سیاسەت و شیرینی نەوتدا.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، مەکتەبی دارایی و ئیدارەی گشتی، دارایی یەکێتی بەڕێوەدەبات، کە دلێر سەید مەجید سەرپەرشتی دەکات و نزیکە لە باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و تۆمەتبارکراون بە کۆنترۆڵکردنی دارایی یەکێتی.
لەبەرامبەریشدا لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد وەڵامی کۆسرەت رەسوڵی دایەوە کە ئەوان بەرپرس نین لە دارایی یەکێتی و دژی تەخشانكردنی پارەی یەكێتین بۆ هەر مەرامێکی تایبەت.
بەپێی کۆمەڵێک بەڵگەنامە کە پێشتر میدیاکانی بزووتنەوەی گۆڕان بڵاویانکردووەتەوە، زیاتر لە 6 ملیۆن مەتر دووجا زەوی لە شاری سلێمانی لەسەر کۆمپانیای نۆکان تاپۆکراوە کە 12% ی کۆی زەوی شاری سلێمانی دەکات. هەروەها یەكێتی خاوەن دەیان كۆمپانیایە لە كەرتەكانی (بیناسازی، پیشەسازی، وزە، ئۆتۆمبێل، ئاسایش، فڕۆكەخانە، هۆتێل و چێشتخانە).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ