پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی ئەورووپا
سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ نەمسایەک کە زۆر بە چڕی سێبەری راستی رادیکاڵی بەسەرەوەیە، لەو ساتەوەختە هەستیارەدایە کە ئەورووپای پاش هەڵبژاردنەکان پێداچوونەوە بە خۆیدا دەکات، پرسیار لە خۆی دەکات، رەخنە لە خۆی دەگرێت. لە ساتەوەختی گومانە گەورەکاندایە، گومان لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ رووسیای پووتین و جەنگی ئۆکراینادا، گومان لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپدا بۆ کۆشکی سپی، گومان لە چۆنیەتی داڕشتنەوەی مامەڵەکردن لەگەڵ جەنگی غەززەدا. لەم ساتەوەختە هەستیارەدا، دیپلۆماسیەتی هەرێمی کوردستان، پێویستی بە هەمان پرۆسێسی پێداچوونەوە و پرسیار لەسەر سیستمی ئامادەبوون و رەخنەگرتن لە خود هەیە، بۆئەوەی بتوانێت ستراتیژیەتێکی نوێی کارا بۆ دروستکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ دۆخی ئێستا و ئێرەی ئەورووپای پاش هەڵبژاردنەکاندا بینا بکات.