فەرمی.. لوکاکو بۆ جاری سێیەم بە مۆرینیۆ شاددەبێتەوە

31-08-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن رۆمێلۆ لوکاکو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی رۆمای ئیتاڵی بەشێوەیەکی فەرمی گواستنەوەی، رۆمێلو لوکاکو، ئەستێرەی بەلجیکی و هێرشبەری یانەی چێڵسی بۆ ریزەکانی یانەکەی راگەیاند.
 
گرێبەستی لوکاکو لەگەڵ یانەکەی پایتەختی ئیتاڵیا بەشێوەی خواستن دەبێت، بۆ یەک وەرز و بەرامبەر گواستنەوەی، یانەی رۆما 7.5 ملیۆن یۆرۆ دەداتە یانەی چێڵسی و مووچەی یاریزانەکەش لە ریزەکانی جیالۆڕۆسیدا 5 ملیۆن یۆرۆیە.
 
گرێبەستی هێرشبەرە بەلجیکییەکە لەگەڵ یانەی رۆما هیچ مەرجێکی کڕینەوەی تێدانییە و دوای کۆتاییهاتنی وادەی خواستنەکەی، لوکاکو دەتوانێت بگەڕێتەوە یانەی چێڵسی.
 
دوای واژۆکردنی گرێبەستەکەی و بەرزکردنەوەی درێسی ژمارە 90ـی یانەی رۆما، رۆمێلو لوکاکو لە یەکەم لێدوانیدا وەک یاریزانی یانەکە گوتی "خاوەنەکانی ئێرە ویست و خەونی گەورەیان هەیە، پێشوازیکردنی هاندەران لەکاتی گەیشتنم بە رۆما بڕواپێنەکراو بوو و ناتوانم چاوەڕێ بکەم تاوەکو کاروانەکەم لەگەڵ یانەکە دەستپێبکەم."
 
وەرزی رابردوو رۆمێلو لوکاکو لە یانەی ئینتەرمیلان یارییدەکرد، دوای ئەوەی وادەی خواستنەکەی لەگەڵ یانەکە کۆتاییهات دەبووایە بگەڕێتەوە یانەی چێڵسی، بەڵام ماوریسیۆ پۆچێتینۆ ئەو یاریزانەی خستە دەرەوەی پلانەکانی، بەمەش یاریزانە بەخواستن پەیوەندیی بە یانەی رۆماوە کرد.
 
بە چوونی بۆ یانەی رۆما، لوکاکو بۆ جاری سێیەم لە کاروانی یارییکردنیدا لەژێر سەرپەرشتی جۆزێ مۆرینیۆ یارییدەکات، لەکاتێکدا پێشتر لە یانەکانی چێڵسی و مانچێستەر یونایتد لەژێر سەرپەرشتیی راهێنەرە پۆرتوگالییەکە یارییکردووە، هەر ئەویش بووە هۆکاری ئەوەی لوکاکو بڕیاربدات بۆ رۆما یاریی بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە