رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا، هەڵوێستی خۆی لەبارەی بڕیارە مشتومڕهەڵگرەکانی ناوبژیوانی یاریی نێوان ئاتلێتیکۆ مەدرید و ریال مەدرید، لە گەڕی 7ی پاڵەوانێتییەکە ئاشکراکرد و رایگەیاند دەبوو دوو یاریزانی ئاتلێتیکۆ بەکارتی سوور لەیارییەکە دەربکرێن.
بڕیارەکانی ناوبژیوانی یارییەکە مشتومڕی زۆری لێکەوتەوە، پاشئەوەی لە چەند حاڵەتێکدا یاریزانانی ریال مەدرید، ناڕەزاییان بەرامبەر بڕیارەکانی دەربڕی.
لیژنەکە دەڵێ، میگێل ئانخێل ئۆرتێز ئاریاسی ناوبژیوان، بەهەڵە مامەڵەی لەگەڵ سێ حاڵەتی هەرە دیاری یارییەکەدا کردووە، لە کاتێکدا ڤار دوو لە بڕیارەکانی بۆ راستکردووەتەوە.
لە رووداوی کۆتی رۆمیرۆ و جود بێلینگهامدا، وەک لیژنەکە دەڵێ، ئۆرتێز هەڵەی کردووە لە دەستنیشانکردنی ئەو یاریزانەی فاوڵی گرتووە، پاشئەوەی وایدانا کە یاریزانەکەی ریال مەدرید فاوڵی گرتووە و بەهۆیەوە کارتی زەردی پێدا. بەڵام دواتر کاتێک گەڕایەوە بۆ ڤار، بڕیارەکەی راستکردەوە و رۆمیرۆی بە فاوڵ گر دەستنیشانکرد.
لیژنەکە وایدەبینێت کە رۆمێرۆ دەکرا کارتی سووری پێبدرێت لە حاڵەتەکەدا.
رووداوی دووەم، لێدانێکی کانگ ئین لی یاریزانی ئاتلێتیکۆ مەدرید بوو لەسەر ڤاڵڤێردی. لیژنەکە پێیوایە یاریزانەکەی ئاتلێتیکۆ هەڵەی کردووە و شایستەی کارتی سوور بوو، پاشئەوەی بەتووندی لە یاریزانەکەی ریال مەدریدیدا و ژووری ڤاریش هیچ قسەیەکی لەسەر رووداوەکە نەکرد.
لیژنەی ناوبژیوانان پێیوایە دەرنەکردنی کانگ ئین لی بەکارتی سوور، گەورەترین هەڵەی ناوبژیوان بووە.
لە بەرامبەردا، لیژنەکە پشتگیری بڕیاری ناوبژیوانی یارییەکەی کردووە بە دەرکردنی دین هاوسنی بەرگریکاری ریال مەدرید، پاشئەوەی جولیانۆ سیمیۆنی لەناو ناوچەی سزادا بەردایەوە و رێگریکرد لەوەی تۆپەکە بەدەست بهێنێت.
ناوبژیوان لەسەرەتادا تەنیا کارتی زەردی بە هاوسندا، بەڵام دوای گەڕانەوە بۆ ڤار، کارتەکەی کردە سوور.
بڕیارەکانی ناوبژیوانی یارییەکە، لەلایەن جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری یانەی ریال مەدریدیشەوە، رەخنەی تووندیان لێگیرا و مۆرینیۆ ناوبژیوانەکەی بە داماو بەرامبەر گوشاری هاندەرانی ئاتلێتیکۆ، ناوبرد.




