ڤیدیۆ؛ فۆرمۆلا وەن.. ڤێرستاپن خەڵاتی گەورەی بەلجیکای بردەوە

31-07-2023
ئیحسان تاهیر
Photo by KENZO TRIBOUILLARD / AFP
Photo by KENZO TRIBOUILLARD / AFP
نیشانەکردن خەڵاتی گەورەی بەلجیکا ماکس ڤێرستاپن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ماکس ڤێرستاپن، شۆفێری هۆڵەندی و پاڵەوانی جیهانی فۆرمۆلا وەن، نازناوی پێشبڕکێی خەڵاتی گەورەی بەلجیکای بەدەستهێنا.
 
ئەمە هەشتەمین سەرکەوتنی لەسەریەک و دەیەم سەرکەوتنی بەگشتی بوو لە وەرزێکدا بۆ ڤێرستاپن، کە بە باڵادەستییەکی رەهاوە دەستی بەسەر وەرزەکەدا گرتووە.
 
ڤێرستاپنی شۆفێری تیمی رێد بۆل، سەرەڕای ئەوەی لە پلەی شەشەمی پێشبڕکێکە دەستیپێکرد، بەڵام بە 22.3 چرکە پێش سێرجیۆ پێرێزی هاوڕێی کەوت و بە هەردووکیان پلەی یەکەم و دووەمیان بە رێد بۆل بەخشی.
 
بەم سەرکەوتنە ڤێرستاپن نزیک بووەوە لە بەدەستهێنانی نازناوی جیهانی بۆ سێیەمجار لەسەریەک و یەکسانکردنەوەی ریکۆردی 15 بردنەوە لە ساڵێکدا، کە ئەویش هەر بە ناوی خۆیەتی و ساڵی رابردوو تۆماریکردووە.
 
ڤێرستاپن دوای بەڕێوەچوونی تەنیا 12 پێشبڕکێ، بە جیاوازی 125 خاڵ لەگەڵ پێرێز، پێشەنگی ریزباندیی گستی گرتووە. 
 
ئامانجی داهاتووی شۆفێری هۆڵەندی، یەکسانکردنەوەی ژمارەی پێوانەیی سێباستیان ڤێتێلە لە فۆرمۆلا وەن، کە 9 سەرکەوتنی لەسەریەکی بەدەستهێناوە. ئەگەر ڤێرستاپن نازناوی خەڵاتی گەورەی هۆڵەندا بباتەوە، کە بڕیارە لە 27ـی ئاب لە هۆڵەندا بەڕێوەبچێت، واتا دەبێتە هاوبەشی سێباستیان لەو ریکۆردەدا.
 
چارڵز لێکلێرک، شۆفێری فێراری، پلەی سێیەمی بەدەستهێنا و بۆ سێیەمجار لەم وەرزەدا سەرکەوت بۆ سەر ستەیجی خەڵاتەکان، لویس هامیلتۆنیش پلەی چوارەمی بۆ مێرسیدس بەدەستهێنا و پێش فێرناندۆ ئەلۆنسۆ، شۆفێری ئاستۆن مارتن کەوت.
 
جۆرج روسێل پلەی شەشەمی بەدەستهێنا بۆ تیمی مێرسیدس، لە دوای ئەوانیش لاندۆ نۆریس لە ماکلارێن، ئیستبان ئۆکۆن لە ئەلپاین، لانس ستڕۆڵ لە ئاستۆن مارتن و یوکی تسونۆدا لە ئەلفاتۆری، لە پلەی حەوتەم تاوەکو دەیەمیان بەدەستهێنا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە