رووداو دیجیتاڵ
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، داوای گرێبەستکردن لەگەڵ پێنج یاریزان دەکات لە ماوەی گواستنەوەی زستانە، لەپێناو هەڵسانەوەی تیپەکەی.
مانچێستەر سیتی، پاڵەوانی وەرزی رابردووی پرێمەرلیگ، بەدەست خراپیی ئەنجامەکان و پێکانی زۆری یاریزانانەوە دەناڵێنێت و چەندین یاریزانی کاریگەری ئەو یانەیە، بەهۆی پێکانی قورسەوە لە تیپەکە دابڕاون، لەسەرووی هەموویانەوە، رۆدری، براوەی باڵۆن دۆری ئەمساڵ، کە دووچاری پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆی بووە.
پێپ گواردیۆلا چەندینجار باسی لە خراپیی دۆخی تیپەکەی بەهۆی پێکانەکانەوە کردووە.
مانچێستەر سیتی لە دوایین 14 یارییدا لە پرێمەرلیگ، تەنیا دوو بردنەوەی بەدەستهێناوە.
رۆژنامەی 'تایمز'ی بەریتانی دەڵێ، پێپ دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ ژمارەیەک یاریزانی نوێ بکات، لەپێناو بووژانەوەی تیپەکەی بەزووترین کات.
ئەو رۆژنامەیە ئاشکرایکردووە، چوار لە کۆی پێنج یاریزانە داواکراوەکەی پێپ، ناوەڕاستکارن، لەسەرووی هەموویانەوە، فلۆریان ڤێرتزی یاریزانی بایرلیڤەرکوزن.
وەک رۆژنامەکە دەڵێ، هەریەکە لە جەمال موسیالای ئەستێرەی بایرن میونشن، مارتن زوبیمێندی یاریزانی ریال سۆسیێداد، برۆنۆ گیمارایشی ناوەڕاستکاری نیوکاسڵ، داواکاریی پێپن.
وەک رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، گواردیۆلا هەروەها دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ دڵی بەرگرییەکدا بکات و بۆ ئەوەش چاوی لەسەر مارک گۆیهی، بەرگریکەری کریستاڵ پاڵاسە.
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، مانچێستەر سیتی لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا ناچارە گرێبەست لەگەڵ چەند یاریزانێک بکات، بەڵام مەرج نییە ئەو پێنج ئەستێرەیەی ئاماژەیان بۆ کراوە، هەموویان لە زستانی ئەمساڵ گرێبەستیان لەگەڵ بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ