رووداو دیجیتاڵ
یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی هەنگاوێکی گەورەی ناوە بۆ یەکلاییکردنەوەی گرانترین گرێبەست لە مێژووی یانەکەیدا، ئەویش بە گواستنەوەی برادلی بارکۆلا، ئەستێرەی فەرەنسی و باڵی هێرشبەری یانەی پاریس سانجێرمان. ئەم هەنگاوەی رێدز وەک پلانێکی ستراتیژییە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیەی بەهۆی رۆیشتنی ئەستێرەی میسری، محەممەد سەڵاح، لە هێڵی هێرشبەری یانەکە دروستبووە.
140 ملیۆن یۆرۆ بۆ کوڕە فەرەنسییەکە بەپێی نوێترین راپۆرتە میدیاییەکانی فەرەنسا، کارگێڕیی پاریس سانجێرمان بەرەو ئەوە دەچێت دوایین دەستەوارەی لیڤەرپوول قبووڵ بکات. تێچووی گشتیی ئەم گرێبەستە دەگاتە 140 ملیۆن یۆرۆ ئەمەش دوای ئەوە دێت کە یانە پاریسییەکە لە دانوستاندنەکاندا سوور
بوو لەسەر بەدەستهێنانی زۆرترین دەستکەوتی دارایی.
کۆتایی گەڕانێکی درێژخایەن هەوڵەکانی لیڤەرپوول بۆ گواستنەوەی بارکۆلا دوای گەڕانێکی چڕوپڕ دێت بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەی گونجاو بۆ سەڵاح. ئەم پڕۆسەیە تەنانەت پێش دەستپێکردنی مۆندیالی 2026 دەستیپێکردبوو و تاوەکو ئێستا کە وەرزی نوێی پرێمەرلیگ دەستیپێکردووە، بەردەوامە، بەڵام ئێستا و لەگەڵ نزیکبوونەوەی داخستنی دەرگای گواستنەوەکان، یانەکە گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی.
کەمبوونەوەی جیاوازییەکان لویک تانزی، رۆژنامەنووسی فەرەنسی و نزیک لە یانە پاریسییەکە، ئاماژەی بەوە کردووە کە جیاوازییە داراییەکانی نێوان هەردوو یانە لە چەند رۆژی رابردوودا زۆر کەم بووەتەوە. پاریس سەرەتا داوای 170 ملیۆن یۆرۆی دەکرد و لیڤەرپوولیش 117 ملیۆن یۆرۆی پێشکەش کردبوو، بەڵام دواجار هەردوولا لەسەر بڕی 140 ملیۆن یۆرۆ لە لێکتێگەیشتن نزیکبوونەتەوە.
گرێبەستێکی مێژوویی لە ئانفێڵد بارکۆلای تەمەن 23 ساڵ، ئارەزوویەکی زۆری بۆ پۆشینی درێسی سووری لیڤەرپوول هەیە، ئەمەش ئاسانکارییەکی زۆری بۆ یەکلاییکردنەوەی گرێبەستەکە کردووە. ئەگەر ئەم گواستنەوەیە سەر بگرێت، بارکۆلا دەبێتە گرانترین
یاریزان لە مێژووی لیڤەرپوولدا و ژمارەکەی ئەلێکساندەر ئیزاک دەشکێنێت، هاوکات دەبێتە گرانترین یاریزانیش کە تاوەکو ئێستا لە خولی فەرەنسییەوە فرۆشرابێت.



