یوڤێنتوس بۆ ناوەڕاستکارێکی ریال مەدرید لەسەر هێڵە

30-07-2021
هێژا خەسرەو
نیشانەکردن تۆنی کرووس ریال مەدرید یوڤێنتوس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی یوڤێنتوس دەیەوێت بە یاریزانێکی ریال مەدرید هێڵی ناوەڕاستی یانەکەی بۆ وەرزی داهاتوو پتەوبکات.

رۆژنامەکانی ئیتاڵیا بڵاویانکردووەتەوە، یانەی یوڤێنتوس لە هەوڵدایە تۆنی کرووسی ناوەڕاستکاری یانەی ریال مەدرید بباتە یانەکە و بەنیازە بە دەستەوارەی فەرمی ئەو داوایە لە یانە شاهانەکە بکات.

بیانکۆنێری ئامادەیە دەستبەرداری هەریەکە لە دیمیرال و ئارۆن رامسی ببێت و بە پارەکەی تۆنی کرووس بباتە یانەکەی، بۆ ئەم مەبەستەش بڕی 40 ملیۆن یۆرۆی ئامادەکردووە.

ئەمساڵ ریال مەدرید دەستبەرداری سێرخیۆ رامۆسی کاپتن و رافایێل ڤارانی بەرگریکاری یانەکەی بووە، ئەگەر هەیە چەند یاریزانێکی دیکەش یانەکە جێبهێڵن و تۆنی کرووسیش یەکێک بێت لەو یاریزانانەی ریزەکانی یانەکە جێدەهێڵێت.

تۆنی کرووس تەمەنی 30 ساڵە و گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە شاهانەکە لە هاوینی 2023دا کۆتاییدێت، پێشتر گوتوویەتی لە ریال مەدریددا وازهێنانی یەکجاری لە تۆپی پێدا رادەگەیەنم، لە هەمان کاتدا ئەمساڵ هیچ یاریزانێک لە ریال مەدرید هێڵی سوور نییە، هەر یاریزانێک گرێبەستەکەی کۆتاییهاتبێت گفتوگۆی لەگەڵدا دەکرێت ئەگەر رێککەوتن گرێبەستەکەی نوێدەکرێتەوە، ئەگەر نا هیچ گۆڕانکارییەک لە گرێبەستەکەی ناکرێت و دەستبەرداری دەبێت، یاخود هەر یاریزانێک دەستەوارەیەکی شایستەی پێبگات، لۆس بلانکۆس ئامادەیە دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە