رووداو دیجیتاڵ
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، هەنگاوێکی گەورەی بڕیوە بۆ ئەنجامدانی گرێبەستێکی گەورەکە بۆ بەرژەوەندی یانە شاهانلە ماوەی ئەم هاوینەدا.
بڕیارە پێرێز لە پۆستەکەی وەک سەرۆکی ریال مەدرید بەردەوام بێت دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، کە یەکشەممەی رابردوو بەڕێوەچوو، و سەرکەوت بەسەر ئینریکێ ریکێلمی رکابەری.
پێرێزی تەمەن 79 ساڵ، بەڵێنی ئەنجامدانی گرێبەستی گەورەی دابوو لەژێر سەرپەرشتی راهێنەری داهاتووی تیپەکە جوزێ مۆرینیۆی تەمەن 63 ساڵ.
بەڵێنەکانی پێرێز پێشکەشکردنی گرێبەستێکی لەخۆگرتبوو کە کەمتر نەبێت لە 150 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی یاریزانێک کە وەک گالاکتیکۆس پۆلێن کراوە و ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، راپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە دەکرد کە ئەو یاریزانە مایکل ئۆلیسێ ئەستێرەی بایرن میونشنە، بەڵام یانە زەبەلاحە ئەڵمانییەکە دواتر رایگەیاند کە یاریزانەکە بەهیچ نرخێک بۆ فرۆشتن نییە.
خوسێ ئەلڤارێزی رۆژنامەنووسی بەناوبانگ لە لێدوانێکدا بۆ بەرنامەی ئیل چیرینگیتۆی ئیسپانی گوتی "هەفتەی رابردوو لەگەڵ کەسێکی نزیک لە ریال مەدرید قسەم کرد، ئەویش نزیکبوونەوەی گرێبەستی ئینزۆ فێرناندێزی لە یانە شاهانە بۆ پشتڕاستکردمەوە و پێیگوتم کە گفتوگۆکان گەیشتوونەتە قۆناخێکی زۆر پێشکەوتوو".
خوسێ ئەلڤارێز گوتیشی "ئەو کەسەی ئەم زانیارییەی پێدام، کەسێکە کە تەواو متمانەم پێیەتی".
پێشتریش ناوی ریال مەدرید بۆ ماوەیەکی درێژ بە گواستنەوەی فێرناندێزەوە بەسترابووەوە، بەو پێیەی یەکێکە لەو کەمە یانانەی تۆپی پێی جیهانی کە توانای دابینکردنی تێچووی دارایی ئەم گرێبەستەی هەیە.




