شاجوانی سلۆڤاکیا لە یۆرۆدا هەرا دەنێتەوە

30-06-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن سیمۆنا لێسکۆڤسکا یۆرۆی2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شاجوانی پێشووی سلۆڤاکیا، سیمۆنا لێسکۆڤسکا، مشتومڕێکی زۆری لەنێو هەڵبژاردەی وڵاتەکەیدا دروستکردووە، بە ئامادەبوونی بەردەوامی لەنێو یاریزانانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی، کە بەشداری لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2024ـدا دەکات، کە لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.
 
لە کاتێکدا هەڵبژاردەی سلۆڤاکیا خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی لە قۆناخی 16ـی یۆرۆدا رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا ببێتەوە، ئەو شاجوانە سلۆڤاکییە هەموو سەرنجەکانی لە ئەستێرەکانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی دزیوە، دوای ئەوەی زۆر لە یاریزانان و ستافی تەکنیکی نزیک بووەوە، کە پرسیاری زۆری لەسەر هۆکاری نزیکبوونەوەی لە هەڵبژاردەی نیشتمانی ورووژاندووە.
 
سەرچاوەکانی هەواڵ ئاشکرایان کردووە، سیمۆنا لێسکۆڤسکا، خانمە مۆدێلی پێشوو، لە ناوەندی راگەیاندنی یەکێتیی تۆپی پێی سلۆڤاکیا کاردەکات، وەک راگەیاندنکارێک هەڤپەیڤین لەگەڵ یاریزانان ئەنجام دەدات و لێدوانیان لێوەردەگرێت، و بەرهەمەکانی لە ئەکاونت و ماڵپەڕی یەکێتیی تۆپی پێی وڵاتەکەی بڵاودەکاتەوە.
 
شاجوانەکە وێنەکانی لەگەڵ هەڵبژاردەی خانمانی سلۆڤاکیا بڵاوبوونەتەوە، و دەردەکەوێت کە پێشتر یاریزانی تۆپی پێش بووە. 
 
ئەو خانمە سەرەتای ژیانی وەرزشی لەگەڵ هەڵبژاردەی خانمانی سلۆڤاکیا بۆ خوار تەمەن 21 ساڵان دەستپێکردووە، لە لێدوانەکانی میدیاشدا ئاشکرایکردووە، پێش ئەوەی بگاتە تیپی یەکەم، بە زۆر کاتی سەختدا تێپەڕیوە، و لە هەڤپەیڤینێکدا کە رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، گوتوویەتی “ماوەی سێ ساڵ لەگەڵ یەکێتیی تۆپی پێی سلۆڤاکیا کارم کردووە، بەتایبەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی تەمەن خوار 21 ساڵان، و مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردووش بوومەتە یاریزانی هەڵبژاردەی یەکەمی خانمان سلۆڤاکیا".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە "زۆر کەس پێیانگوتم ژنێک کە کاری مۆدێل دەکات لە تۆپی پێدا سەرکەوتوو نابێت، بەڵام لەو کاتەوە چەند ساڵێک تێپەڕیوە و ئەوانەی بە من پێدەکەنین ئێستا دەیانەوێت وێنەم لەگەڵ بگرن".
 
رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، ئاماژەی بەوە کردووە کە لێسکۆڤسکا لە ساڵی 2015ـەوە لە بواری میدیادا کاردەکات، سەرەتا دەستیکردووە بە رووماڵکردنی هەواڵی هۆکی و دواتر رووی لە تۆپی پێ کردووە، بەتایبەتی لەگەڵ تیمی میدیایی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی.
 
هەڵبژاردەی سلۆڤاکیا، دوای ساڵی 2016 بۆ دووەمین جارە لە مێژووی خۆیدا دەگاتە قۆناخی 16ـی یۆرۆ.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە