رووداو هەولێر
لە گەڕی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا یانەی هەولێر دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات، دهۆک، زاخۆ، گازی باکوور و نەورۆز دەیانەوێت دڵی هاندەرانیان ئاشت بکەنەوە.
یانەی هەولێر لەگەڵ هاتنی وەرزی خولی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئەنجامەکانی زۆر دڵخۆشکەرن، لە دوو یاریی رابردوویدا بەسەرکردایەتی لوئەی سەڵاحی راهێنەر لە یانەی کارەبای بردەوە و لەگەڵ جەوییەی پاڵەوانی وەرزی رابردوو یەکسان بوو، هەولێر رۆژی سێشەممە لەنێو یاریگەی شەڕار حەیدەر لە شاری بەغدا یاریی لەگەڵ یانەی کەرخ دەکات.
هەڵگورد مەلا محەممەد، یاریدەدەری راهێنەری یانەی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس گوتی "دۆخی تیپەکەمان زۆر باشە و دوو رۆژە ئامادەکارییەکانمان لە شاری بەغدا بەردەوامە، ئێمە بۆ بردنەوەی سێ خاڵی یارییەکە و ئەنجامێکی باش دەچێنە نێو یاریگە".
یانەی زاخۆ خاوەن گرانترین پێکهاتەی یاریزانان لە وەرزی ئەمساڵی خولەکەدا، دوای بردنەوەیەک و یەکسانبوونێک، لەنێو یاریگەی دهۆک میوانداریی یانەی دیالە دەکات، هاندەرانی سوور پۆشانی خابوور نیگەرانن لە ئەنجامی تیپەکەیان و ئەوان ئەمساڵ بەبوونی زۆرترین ئەستێرەکانی کوردستان و عێراق چاوییان لە نازناوی خولەکەیە.
کوڕانی خابوور شەڕی سەرکەوتن دەکەن، یارییەکە دوایین دەرفەتە بۆ لۆران بانید، راهێنەری فەرەنسی بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە کارەکەی لەگەڵ یانەی زاخۆ، تا ئێستا ئەو راهێنەرە کارەکانی بەدڵی دەستەی کارگێڕیی یانەکە و هاندەرانی نییە.
گازی باکوور، نوێنەرەکەی شاری کەرکووک یەکەم وەرزە یاریی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دەکات، دوای یەکسانبوون و شکستێک لە شاری بەغدا دەچێتە نێو تاقیکردنەوەیەکی قورس بەرامبەر یانەی جەوییە، کوڕانی کەرکووک دەیانەوێت بە دڵخۆشییەوە بگەڕێنەوە خاکی بابەگوڕگوڕ.
ئالهۆێن چیای وەرزی ئەمساڵ چاوی لە دەسکەوتە، هێنانی یەحیا گوڵ محەممەدی راهێنەری بە ئەزموونی ئێرانی و ژمارەیەک گرێبەستی باش لەگەڵ ئەستێرەکانی ناوخۆ دەرەوە کارەکانی بەرپرسانی یانەکە بووە، بەڵام جارێ دهۆک ئامانجەکەی نەپێکاوە و تامی سەرکەوتنی نەکردووە، بە دوو یەکسانبوون چووەتە نێو رکابەرییەکان.
نەورۆزی کوردان جوانترین ئاهەنگی دەستپێکردنی لەنێو یاریگەکەیدا بۆ دەستپێکی وەرزی نوێ سازکرد، سەرنجی هەمووانی بۆ لای کلتوور و فەرهەنگی سلێمانی راکێشا، کەچی هێشتا تیپەکە لە ئاستی ئەو هەمووە گرێبەست و خەرجکردنی پارەیەکی زۆر بۆ گرێبەستەکانی نییە، تیپەکە دۆڕانێک و یەکسانبوونێکی هەیە، ئەمجارەش ئەرکی قورسە و شەڕی یانەی تەڵەبە دەکات.



