رووداو دیجیتاڵ
یانەی لیلی فەرەنسی دەستی بە جوڵە کردووە بۆ قەرەبووکردنەوەی رۆشتنی چاوەڕوانکراوی ئەیوب بوعەدیی یاریزانی مەغریبی بۆ مانچێستەر سیتی، دوای ئەوەی ئەو یاریزانەی هێڵی ناوەڕاست لە پەیوەندیکردن بە یانە ئینگلیزییەکەوە نزیک بووەوە بە گرێبەستێکی گەورە، بەڵام هەوڵەکانی لیل بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی تیاگۆ پیتارچ، بەهرەمەندی ریال مەدرید، بەتووندی لەلایەن یانە ئیسپانییەکەوە رەتکرایەوە.
بەگوێرەی ئەوەی رۆژنامەی زە ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، یانەی لیل هەوڵیداوە تیاگۆ پیتارچ بگوازێتەوە بە سوودوەرگرتن لەو پەیوەندییە بەهێزانەی کە داڤیدی ئەنچێلۆتی راهێنەری یانەکە لەگەڵ ریال مەدرید هەییەتی، چونکە ناوبراو پێشتر بۆ چەندین ساڵ لەناو یانە ئیسپانییەکەدا لەگەڵ کارلۆ ئەنچێلۆتی باوکی کاری کردووە. بەڵام ئەم پەیوەندییانە بەس نەبوون بۆ رازیکردنی کارگێڕیی مێرینگێ بۆ دەستبەرداربوون لەو یاریزانە لاوەی هێڵی ناوەڕاست.
لیل بەدوای جێگرەوەیەکی گونجاو بۆ بوعەدی دەگەڕێت، کە چاوەڕوان دەکرێت بەبڕی نزیکەی 95 ملیۆن یۆرۆ و 5 ملیۆن گۆڕانکاری، پەیوەندی بە مانچێستەر سیتییەوە بکات بەگرێبەستێک تاوەکو ساڵی 2031 ئەمەش وایکردووە یانە فەرەنسییەکە چەند ناوێک بخاتە نێو لیستی کاندیدەکانی بۆ قەرەبووکردنەوەی رۆیشتنی بەهرەمەندە مەغریبییەکەی.
پیتارجی تەمەن 19 ساڵ، یەکێکە لەو ناوانەی ریال مەدرید بۆ داهاتوو گرەوی گەورەی لەسەر دەکات، دوای ئەوەی ئەو یاریزانە ئیسپانییە لە وەرزی رابردوودا توانی بەوردی خۆی لە نێو پلانەکانی تیپی یەکەمدا جێگیر بکات، ئەمەش وایکرد یانەکە ئەو دەستەوارەیە رەتبکاتەوە کە لەلایەن لیلەوە پێشکەشکراوە و سوور بێت لەسەر هێشتنەوەی یاریزانەکە.
پیتارچ بەم دواییانە گرێبەستێکی نوێی و باشترکراوی لەگەڵ ریال مەدرید واژۆ کردووە، هەروەها چووە مێژووی یانەکەوە کاتێک لە تەمەنی 18 ساڵ و 247 رۆژیدا، بووە گەنجترین یاریزان لە مێژووی تیپەکەدا کە بەشداری لە قۆناخی چارەکی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا بکات. تاوەکو ئێستا 16 یاری بۆ تیپی یەکەم ئەنجامداوە و دوو گۆڵیشی بۆ هاوڕێکانی دروستکردووە.
هەروەها ئەم یاریزانە لاوە پێگەی خۆی زیاتر بەهێز کرد دوای ئەوەی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا نازناوی جامی نەتەوەکانی ئەورووپای بۆ تەمەنی خوار 19 ساڵ بەدەستهێنا، بۆ ئەوەی دووبارە بیسەلمێنێتەوە کە یەکێکە لە دیارترین بەهرەمەندەکان کە ریال مەدرید لە ساڵانی داهاتوودا هیوایەکی زۆری لەسەر هەڵچنیوە.
پێداگریی ریال مەدرید لەسەر مانەوەی پیتارچ لەکاتێکدایە کە یانەکە بەردەوامە لە گەڕان بەدوای چارەسەر بۆ هێڵی ناوەڕاست، بەتایبەت دوای شکستهێنانی گرێبەستی گواستنەوەی رۆدری، چونکە یانەی شاهانە تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە یاریزانێکی نوێ بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی یاریزان لەو شوێنە هەستیارەدا بگوازێتەوە.



